پاپای ڤاتیکان: ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە شەڕ تێپەڕیوە و بووەتە تیرۆر

رووداو دیجیتاڵ

پاپای ڤاتیکان دەڵێت، شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل، شەڕێکی ئاسایی تێپەڕاندووە و بووەتە "تیرۆر".
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە شاری ڤاتیکان لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکانی حەماس گرتوونی کۆبووەوە و گوتی "لە شەڕەکەدا هەردوولا رووبەڕووی نەهامەتی بوونەتەوە، ئەوە ئەنجامی شەڕە، بەڵام شتەکە لە شەڕ تێپەڕیوە، ئەمە شەڕ نییە، ئەوە تیرۆرە."
 
دوای گوتەکانی پاپاش، رافایل شوتز، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ڤاتیکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی "جیاوازییەکە روونە، لایەنێک کوشتار دەکات، دەستدرێژی دەکات و گرنگی بەلایەنەکەی دیکەی نادات، لایەنەکەی دیکەش کەوتووەتەوە شەڕی بەرگریلەخۆکردن."
 
ئەو گوتانەی پاپا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن، حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن. ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 بارمتە، رازی بووە بە ئاگربەستەکە.
 
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لەبەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
 
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل کاتێک فراوان بوو، کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لەژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
 
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا 14 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.