ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژی گەیشتنە رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە گەیشتنە رێککەوتن. ئەو رێککەوتنە بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمریکا کرا. نەتەنیاهوو دەڵێت، دوای ئاگربەست بەردەوام دەبن لە شەڕ تاوەکو دەگەنە ئامانجەکانیان.
حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهووش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا". ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
قەتەر کە رۆڵی سەرەکی هەبووە لەو ئاگربەستە، سوپاسی ئەمریکا و میسر دەکات کە "هاوکار" بوون و دەڵێت، ئەو ئاگربەستە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بگاتە غەززە. دەشڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی کەسانی سڤیل.
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لەبارەی ئاگربەستە کاتییەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە [ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن] هیوادارین ئەو رێککەوتنە چوار رۆژییە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ لە غەززە و سنووری لوبنان."
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی 'ئاگربەستە مرۆیی'یەکە دەڵێت، چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەیشی هەیە. باس لەوەش دەکات کە لە 24 کاژێری داهاتوودا وردەکاریی رێککەوتنەکە ئاشکرا دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت.
هێشتا ئیسرائیل هێرش و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە رانەگرتووە، ئەمڕۆش لە 46 رۆژی هێرشەکانیدا، بە چڕی 'چەند ئامانجێک'ی لەو شارە بۆردوومان کرد.
دوێنێ سێشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەی حکومەتەکەی رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستیش لەگەڵ حەماس، شەڕ ناوەستێنن و بەردەوام دەبن "تاوەکو دەگەینە ئامانج".
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل کاتێک فراوان بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لەژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.
تەندروستیی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.