بەحرەین: تۆڕێکی تیرۆرستیی سەر بە ئێرانمان دەستگیرکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی نێوخۆی بەحرێن رۆژی دووشەممە رایگەیاند، گرووپێکی چەکداریان دەستگیرکردووە کە بە گوتەی خۆی "تۆڕێکی تیرۆرستی سەر بە ئێرانن" و لە ئێرانەوە چەک و تەقەمەنییان بۆ نێردراوە.
 
وەزارەتەکە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەو تیرۆرستانە بەهۆی پلاندانان بۆ کردەوەی تیرۆرستی لە دژی ئاسایش و ئاشتیی مەدەنیی دەستگیرکراون."
وەزارەتی نێوخۆی بەحرێن دەشڵێت، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیی ئەو گرووپەدا گرتووە، کە بە گوتەی خۆی، "لە ئێرانەوە" بۆ گرووپە چەکدارەکە نێردراون. 
 
بەحرێن کە لە لایەن دەسەڵاتێکی سوننە مەزهەبەوە بەڕێوەدەبردرێت، ئێران بە دروستکردنی نائارامی لە نێو وڵاتەکەیدا تۆمەتباردەکات، تارانیش تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە. 
 
وەزارەتی نێوخۆی بەحرێن هیچ وردەکاریێکی دیکەی لە بارەی ژمارە و ناسنامەی کەسە دەستگیرکراوەکان نەخستووەتەڕوو. 
 
لە ساڵی 2011ـەوە، چەندین شەپۆڵی گرژی و نائارامی روویان لە بەحرێن کردووە، ئەوەش بەهۆی خۆپێشاندانەکان بە سەرکردایەتیی لایەنە شيعەکان کە داوا دەکەن سیستەمی فەرمانڕەوایی شانشینەکە بکرێتە پاشایەتیێکی دەستووری و سەرۆکوەزیرانێک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریبکرێت.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لایەنەکانی ئۆپزسیۆن لە لایەن حکومەتەوە بە لەیاسادەرچوو پۆڵێنکراون و سەدان کەسی ناڕازی لە دەسەڵات دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆریان ناسنامەی بەحرێنیان لێ وەرگیراوەتەوە.
 
گرووپە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ پێشتر چەندینجار گوتوویانە، ئەو دۆسیانەی لە دژی چالاکڤانان لە بەحرێن کراونەتەوە، لە کاتی دادگاییکردندا، بە بنەمای دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵام حکومەتی بەحرێن ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.