نەتەنیاهوو و بلینکن باس لە هەنگاوی هاوبەش بەرامبەر "هەڕەشەکانی ئێران" دەکەن

22-10-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو و ئەنتۆنی بلینکن "باسیان لە یەکخستنی هێزەکان بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران" کردووە. 

رۆژی سێشەممە، 22-10-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قودس/ ئورشەلیم کۆبوونەوە. 
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو دوای کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا هەڕەشەی ئێران و پێویستیی یەکخستنی هێزەکانی هەردوولا (ئەمریکا و ئیسرائیل) بەرامبەر هێرشەکانی ئێران تاوتوێکران".  
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو باس لەوە دەکات، "سەرۆکوەزیران سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای لە بەرامبەر پشتیوانیی ئەمریکا لە جەنگی دژی گرووپەکانی جەنگ و تیرۆری نزیک لە ئێران کرد".  
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن و بنیامین نەتەنیاهوو "باسیان لە هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێویستیی وەستاندنی دەستدرێژییە ناوچەییەکانی ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی سەر بە ئێران کرد". 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە. 
 
لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە  7 تشرینی یەکەمی 2023، ئەمە 11 یەمین سەردانی بلینیکنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تادی  لەگەڵ 100 سەرباز بۆ کارپێکردنی سیستمەکە بۆ ئیسرائیل نارد. 
 
ئەمریکا دەڵێت، سیستمەکە بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئیسرائیلە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە