رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە و کەمیی کارەبا و سووتەمەنی، بەشێک لە نەخۆشخانەکان ماوەی بینینی نەخۆشەکانیان کەمکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند: "بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە لە نەخۆشخانەی شیفا، لەکۆی هەزار و 100 کەس کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، تەنیا 450 کەسیان چارەسەر وەردەگرن. دەشڵێت، کەمیی کارەبا و سووتەمەنی "دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بە تایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە."
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە داوا لە هاووڵاتییانی سڤیل و خاوەنی وێستگە سووتەمەنییەکانی غەززە دەکات، هەر سووتەمەنییەکیان هەیە بیبەخشن بە نەخۆشخانەکان بۆ "پاراستنی ژیانی بریندار و نەخۆشەکان."
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردەوە، لە 7ی ئەم مانگە تاوەکو 21ی مانگ، لە کەرتی غەززە هێرش کراوەتە سەر 62 ناوەندی تەندروستی و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە لەکۆی 35 نەخۆشخانەی شارەکە، حەوت نەخۆشخانەیان لەکارکەوتوون.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەشڵێت، "لەکۆی ئەو 28 نەخۆشخانەی دیکەش کە لەکاردا ماون، بەهۆی ئەوەی مەترسی هەیە هێرش بکرێتە سەریان داوای چۆڵکردنی 23 نەخۆشخانەیان کراوە".
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لەکۆی 72 کلینیکی چاودێری تەندروستی سەرەتایی، 47یان لەکار وەستاون"، بەمەش واتا بەراورد بە پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل تەنیا نزیکەی 35٪ی کلینیکەکان توانای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستییان ماوە. هەروەها جەخت لەوەش دەکەنەوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە 23 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی کەرتی غەززە تێکشکێندراون.
16 رۆژە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەوەش دوای ئەوەی کە لە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند. بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل و غەززە، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە شەش هەزار کەس لەهەردوولا کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ