کوژراوانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل 6100 کەسی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل گەیشتە سەروو شەش هەزار کەس. هاوکات، بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە 90 کەس کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە 16 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 کەس کوژراون کە لەنێویاندا نزیکەی دوو هەزار منداڵ و هەزار ژن هەن و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە رۆژی دەستپێکی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و مووشەکەکانی رۆژانی دواترەوە بۆ سەر وڵاتەکەیان، هەزار و 405 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 132 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش، لە رۆژی 07-10-2023ـەوە لە ئەنجامی گرژییەکانی ئەو ناوچەیەی فەلەستینەوە 90 کەس کوژراون کە زیاتر لە 30 کەسیان ژن و منداڵ بوون و لانیکەم هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون.
بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی حەماس و سوپای ئیسرائیل و گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە خراپی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە دەکەن و هۆشداری دەدەن کە پێویستە هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە زیاتربکرێن.
لە رۆژانی 21 و 22ـی ئەم مانگەدا 37 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی گەیەندراوەتە کەرتی غەززە و بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێن، کەرتی غەززە رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 100 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە.
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند. بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.
دوای هێرشی حەماسیش بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتنی کارەبا، ئاو و خواردنیان بە کەرتی غەززە قەدەخەکرد و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییاندا لە دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە.