نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی هەمیشەیی بۆ کەرتی غەززە دەکات

22-10-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
گەیاندنی هاوکاری بە کەرتی غەززە
گەیاندنی هاوکاری بە کەرتی غەززە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مووشەکێکی ئیسرائیلی لە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی خێراتر بوو و خانوویەکی لە شاری رەفح لە کەرتی غەززە کردە ئامانج، لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
مەحموود عەریر، پیاوێکە لەسەر تەرمە کفنکراوەکان سەر و دەستێکی پێچاوە. مەحموود تەواوی منداڵەکانی لەو هێرشەدا لەدەستدا.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفح، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززەی بۆ نزیکەی 4385 کەس بەرزکردەوە.
 
مەحموود عەریر، هاووڵاتییە فەلەستینییەکە دەڵێ "ئارام دەگرین بە ویستی خوا. ئێمە، خاوەنی ئەم خاکەین، بە ویستی خوا ئارام دەگرین. شەهیدی زیاتر دەدەین، بەڵام ئامادەنین ئەم خاکە جێبهێڵین."
 
ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی رەفح لە رۆژی شەممە (21-10-2023) لە دیوی میسرەوە بەسەر کەرتی غەززە بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو خەڵکەی نزیکەی دوو هەفتەیە، هەموو پێویستییەکی سەرەکیی ژیانیان لەسەر بڕاوە.
 
ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لەگەڵ کردنەوەی دەروازەکە چوونە نێو کەرتی غەززە، 20 دانە بوو.
 
مەحموود ئەبو عەتا، بەڕێوەبەری دابینکردن لە مانگی سووری فەڵەستینی دەڵێ "دوو بارهەڵگر لەو هاوکارییانە لە داودەرمان و کەرەستەی پزیشکی پێکدێن، کە لەنێو ساردەکەرەوەدا هەڵگیراون؛ 18 بارهەڵگری دیکەش لە خۆراک و کەرەستەی مرۆیی پێکدێن."
 
هاوکارییەکان بە هاوئاهەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەر خەڵک لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێن، بەڵام دۆخی خەڵک لە غەززە دەریدەخات، زۆر لە 20 بارهەڵگر زیاتر پێویستن.
 
لین هاستینگس، هاوئاهەنگکاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە فەلەستین دەڵێ "هەنگاوی یەکەم روونە کە گەیاندنی هاوکارییە و ئەمڕۆ بەسەر خەڵکدا دابەشدەکرێت. ئێمە لە نێوەڕاستی گفتوگۆداین لەگەل لایەنەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی رۆژانە هاوکارییەکان دەگەن. دەبێت ئەمە رووبدات. ناکرێت تەنیا جارێک بێت."
 
دوای گەیشتنی 20 بارهەڵگر لە میسرەوە، دەرگەی مرۆیی بەسەر 2.4 ملیۆن خەڵكەکەی غەززە داخرایەوە.
 
180 بارهەڵگری دیکە لە میسر کە 3000 تۆن هاوکاری مرۆییان هەڵگرتووە، لە چاوەڕوانیی رەزامەندی ئیسرائیلن دەست بە جوڵە بکەن و بپەڕنەوە کەرتی غەززە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە