وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: حیزبوڵڵا خەریکە لوبنان راپێچی جەنگ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەگەری چوونە نێو جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە. جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵاش دەڵێت، ئەوانیش بەشێکن لە جەنگەکە. 
 
جۆناسان کۆنریکۆس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) رایگەیاند، "حیزبوڵڵا خەریکە لوبنان رادەکێشێتە نێو جەنگێک کە هیچ شتێکی لێ قازانج ناکات و زۆر شتی لێ لەدەستدەدات. حیزبوڵڵا یارییەکی زۆر زۆر مەترسیدار دەکات. ئەوان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن. هەموو رۆژ هێرشی زیاتر و زیاتر دەبینین".
 
جۆناسان گوتیشی، "ئایا بەڕاستی دەوڵەتی لوبنان ئامادەیە ئەوەی لە خۆشگوزەرانی لوبنان و سەروەریی لوبنان ماوەتەوە، بیخاتە مەترسییەوە لە پێناو تیرۆریستانی غەززە؟ ئەوە پرسیارێکە دەبێت بەرپرسانی لوبنان وەڵامی بدەنەوە".
 
لێدوانەکە دوای ئەوە هات، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئەوان هەر ئێستاش بەشێکن لە جەنگەکە. 
 
نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی شەممە (21-10-2023) گوتی، "ئێمە بەشێکن لەم جەنگە. با روون بێت؛ هەرکات شتێک روویدا کە پێویستی بە دەستوەردانی گەورەتری ئێمە هەبوو، ئەوا ئەو کارە دەکەین." 
 
حیزبوڵڵا بزووتنەوەیەکی لوبنانییە و ساڵی 1982 بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا. ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی گەورەی دەکرێت و خاوەنی دەیان هەزار چەکدار و ژمارەیەکی زۆر مووشەکە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە 7ـی ئەم مانگە، گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل لە سنوور زیاتر بوون و هەردوولا رۆژانە تۆپبارانی پێگەکانی یەکدی دەکەن.
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە 27 هەزار دانیشتووی گوند و شارۆچکەی نزیک لە سنووری لوبنان کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بچنە شوێنی سەلامەت. لەنێو لوبنانیش لە نزیک سنوور، دەیان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.  
 
بەگوێرەی دوایین ئامار، لانیکەم 27 کەس لە لوبنان بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیل و چوار سەربازیی ئیسرائیلیش بەهۆی تۆپبارانەکانی حیزبوڵڵاوە کوژراون.