ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: تاران لە کڕینی پەیجەرەکان دەستی هەبووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئێران لە کڕینی ئامێرەکانی پەیجەری بەکارهاتوو لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە دەستی هەبووە و دەشڵێت: "ئیبراهیم رەئیسی پەیجەری بەکارهێناوە و دوورنییە پەیجەرەکەی تەقێندرابێتەوە."
 
ئەحمەد بەخشایش ئەردستانی بە میدیاییەکی ئێرانی راگەیاندووە، کەسانی سیخوڕ لە ریزەکانی حیزبوڵڵا هەن، بەهەمانشێوە لە ریزی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیش هەن. 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لەبارەی کڕین و بەکارهێنانی پەیجەرەکان دەڵێت، دەبێت حیزبوڵڵا ئاگاداربووایە کە ئەو پەیجەرانە لە کوێ و چۆن و لەلایەن چ کەسێکەوە دەکڕدرێن و ئێرانیش لە کڕینی ئەو ئامێرانە رۆڵی هەبووە، دەزگاکانی هەواڵگریی ئێرانیش دەبێت لەوبارە لێکۆڵینەوە بکەن و زیاتر ئاگاداربن.
 
بەخشیاش هەروەها باس لەوە دەکات، بەپێی هەندێک زانیاری کە لە کەسانی باڵای هەواڵگری دەستی کەوتووە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران ئامێرێکی پەیجەری بەکارهێناوە، هەرچەند رەنگە لەگەڵ ئەو ئامێرانەی لای ئەندامانی حیزبوڵڵا بەکاردەهێنرا جیاواز بووبێت، بەڵام یەکێک لە گریمانەکان بۆ کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی تەقینەوەی پەیجەرەکەیەتی. 
 
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی دەکاتەوە کە دڵنیابوونە لەوەی رەئیسی ئامێری پەیجەری بەکارهێناوە و دەڵێت، رەنگە لە سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان، ئیسرائیلییەکان توانیبێتیان وردەکاریی ئامێرەکەی بەدەست بهێنن و بیتەقێننەوە، بەڵام لەوە دڵنیانین.