حیزبوڵڵا: وەڵامی تەقاندنەوەی ئامێرەکانمان دایەوە

22-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، وەکو تۆڵەکردنەوەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و هۆکی تۆکییەکان لە لوبنان، بەیانی رۆژی یەکشەممە، کۆگایەکی سوپای ئیسرائیلیان لە باکووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ی ئەیلوولی 2024، حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، کۆگایەکی سەربازی ئیسرائیلیان بەناوی "کۆمەڵگەی پیشەسازیی رافایل" لەنزیک شاری حەیفا بە رۆکێت کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، حیزبوڵڵا لە هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا، زیاتر لە 100 رۆکێتی ئاراستەی ئەو کۆمەڵگە سەربازییە کردووە و بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل لە ئەنجامی ئەو هێرشە رۆکێتییە، سێ کەس بریندار بوون. ئەمە بێجگە لەوەی زیانی بە چەندین باڵەخانە و ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل ژمارەیەک لە رۆکێتەکانی حیزبوڵڵا، لە جۆری کاتیۆشا بوون و لە ناوچەی کەریوت لە نزیک شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زۆربەی رۆکێتەکانیشیان پێش کەوتنە خوارەوەیان لەلایەن سیستمی بەرگری ئیسرائیلییەوە تێکشکێندراون و تەنیا 10 لە رۆکێتەکان گەیشتوونەتە نێو خاكی ئیسرائیلەوە.
 
 
 
حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە لە تۆڵەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکییەکانی لوبنان بووە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی رابردوو بووە هۆی کوشتنی 37 کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکە. 
 
هەرچەندە، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوانە رانەگەیاند، بەڵام حیزبوڵڵا، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد و زۆربەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەش، ئەندامان و چەکداری حیزبوڵڵا بوون.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری بەیرووت، 14 کەس کوژران، ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵا یەكێک بوو لە کوژراوەکان، هەروەها  66 کەسیش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە