حووسییەکانی یەمەن، ئیسرائیل بە فراوانکردنی گرژییەکانی لوبنان تۆمەتبار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن، ئیسرائیل بە فراوانکردنی گرژییەکان و تێکدانی ئاسایشی لوبنان تۆمەتبار دەکات. هەروەها، هێرشەکەی بۆ سەر لوبنان، بە "دەستدرێژی و تاوانکاری" ناوبرد.
 
شەممە 21-09-2024 عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، "ئەو تاوانەی ئەو (ئیسرائیل) بەشێک لە برا موجاهیدەکان، سەرکردەکان و خەڵکی حیزبوڵڵای لە گەڕەکی باشووری لوبنان، هەروەها، خەڵکی سڤیل و ئاسایشی گەڕەکی باشوور بە ئامانج گرت، لە لایەکەوە هەنگاوێکە بۆ پیشاندانی گرژییەکان و لە لایەکی دیکەوە بۆ تاوانکاری و هێرشە دڕندەکان."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە بە "دەیان فڕۆکەی جەنگی" چەندین ناوچەی باشووری لوبنانی بۆردوومان کردووە.
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "هێرشێکی فراوانمان کردە سەر لوبنان دوای ئەوەی زانیمان حیزبوڵڵا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات." هەگاری گوتیشی، "400 سەکۆی مووشەکهاوێشتنی حیزبوڵڵامان بۆردوومان کرد."
 
عەبدولمەلیک حووسی پشتگیریی خۆی بۆ خەڵکی غەززە دووپات کردەوە و ئیسرائیل بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار دەکات.
 
حووسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکدارین، لە ساڵی 2014 و لەدوای جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە، دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری سەنعای پایتەخت و باشووری وڵاتەکەدا داگرتووە.
 
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە، گرووپەکە بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بەشێک لەو کەشتییە بازرگانییانەی کە رێڕەوی ئاویی کەنداوی سوێس و دەریای سوور بەکاردەهێنن، ئەویش بە پاساوی ئەوەی کاڵا بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە.