سعودیە و ئیسرائیل لە "ئاشتەوایی مێژوویی" نزیکدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
شازادەی جێنشینی سعودیە دەڵێت، هەموو رۆژێک لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نزیکدەبنەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات، دەتوانن بە هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە بگەنە "ئاشتییەکی مێژوویی".
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندی باڵای سعودیە و ئیمارات کۆبوونەوە.
یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە، هەوڵەکانی ئەمریکان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل؛ هەوڵێک کە ئێستا لە هەموو کات نزیکترە.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەو بارەوە بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، "راستییەکەی پاڵپشتی لەلایەن ئیدارەی سەرۆک بایدنەوە بۆ ئەو پرسە هەیە. بۆ ئێمە پرسی فەلەستین زۆر گرنگە. پێویستە ئەو بەشە چارەسەر بکەین و گفتوگۆیەکی باشمان هەبێت و دواتر ببینین بەرەو کوێ دەچێت. هیوادارین بگاتە وێستگەیەک کە ژیانی فەڵەستینییەکان ئاسانتر بکات و ئیسرائیلیش بگەڕێنێتەوە بەوەی ببێتەوە بە یاریزانێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەموو رۆژێک نزیکتر دەبینەوە، پێدەچێت ئەمە یەکەمجاربێت، نزیکبوونەوەیەکی راستەقینە و جیدییە."
هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل بەشێکن لە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز کە بەشێکی خۆی لە رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریکا و سعودیە دەبینێتەوە، هەروەها بەشێکیشن لە پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی سعودیە و سازشی ئیسرائیل لە پرسی فەڵەستیندا.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکادا گوتی: "پێموایە لەژێر سەرکردایەتی تۆدا، بەڕێز سەرۆک، دەتوانین بگەینە ئاشتەواییەکی مێژوویی لەنێوان ئیسرائیل و سعودیە. پێموایە ئەوجۆرە ئاشتییەش، پێشەڤەچوونێکی گەورە دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی عەرەب و ئیسرائیل و هەروەها ببێتە ئاشتبوونەوەی جیهانی ئیسلامی و دەوڵەتی جوو و ئاشتیی راستەقینەش لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بەدیدێت."
ئەم نزیکبوونەوەی سعودیە و ئیسرائیل لەکاتێکدایە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بە سەرپەرشتیی چین، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاساییکردەوە لەدوای حەوت ساڵ هەڵپەساردن و گرژی. جێنشینی سعودیەش رایگەیاند ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، سعودیەش دەیەوێت.