ئیسماعیل قائانی لە سووریایە

22-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە سووریا و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی، سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە،  ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئەیلوولی 2023، بە سەردانێک گەیشتە سووریا، سەردانەکەشی بە "گرنگ و هەستیار" ناوبردووە.
 
بەپێی میدیای ئێرانی، ئیسماعیل قائانی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی، سەربازی و سیاسیی سووریا کۆبووەتەوە و سەردانی چەندین ناوچەی کردووە کە ئۆپەراسیۆن و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان تێیدا بەردەوامن.
 
قائانی بەشداری لە مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی ئێران و سووریا کردووە. بەپێی میدیای ئێران، قائانی لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وڵات لەگەڵ ئالنگارییە سەربازی و ئەمنییەکانی سووریا، سەردانی ناوچە هەستیارەکان و میحوەرەکانی شەر و ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە.
 
سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سووریا لە کاتێکدایە، کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی لە چینە.
 
هەروەها لە هەمان رۆژی سەردانی بەرپرسەکەی سوپای پاسداران بۆ سووریا، ناوچەی بێت جنی لە رۆژئاوای دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن فرۆکەکانی ئیسرائیلەوە بۆردۆمانکرا و بەپێی زانیارییەکان لە هێرشەکەدا دوو ئەندامی گرووپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی کوژران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە