لە نزیک بەندەری تەرتووسی سووریا 15 کۆچبەر خنکان

22-09-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو-هەولێر

حکومەتی سووریا رایدەگەیێنێت کە تەرمی 15 کۆچبەریان لە نزیک بەندەرەکانی تەرتووسی سووریا دۆزیوەتەوە و هەشت کۆچبەری دیکەشیان لەهەمان شوێن رزگارکردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2022، سامر قوبرسلی، بەڕێوبەری بەندەرەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند کە تەرمی 15 کەسیان لە نزیک بەندەری تەرتووسی رۆژئاوای سووریا دۆزیوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەشت رزگاربووەکەی دیکەش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەرتووس.  
 
قوبرسلی لەسەر زاری تیمەکانی فریاکەوتنەوە دەڵێت، بەلەمەکەیان چەند رۆژێک پێشتر لە لوبنانەوە بەڕێکەوتووە و دەشڵێت، کۆچبەران لە نەتەوەی جیاجیان.  
 
هەر ئەمڕۆ تیمەکانی فریاکەوتن لە چەند ناوچەیەکی نزیک بەندەری تەرتووس لە گەڕان بەردەوام بوون. هاوکات، قوبرسلی باس لەوە دەکات کە ماسیگرە نێوخۆییەکانی شارەکەش لەگەڵ تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵی دەرهێنانی بەلەمە نقوومبووەکەیان داوە، بەڵام لەبارەی هۆکاری نقومبوونی بەلەمەکەیان، قوبرسلی هیچ زانیارییەکی نەدرکاند. 
 
تەرتووس بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەندەری تەرابلوسی باکووری لوبنان. بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی سووریا، بەلەمەکەی کۆچبەران لە شارۆچکەی مینییەی باکووری تەرابلوس بەڕێکەوتووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی رابردوودا لانیکەم هەزار و 570 کۆچبەر لە لوبنانەوە هەوڵی جێهێشتنی کەناراوەکانی وڵاتەکەیان داوە بۆ ئەوەی بە بەلەمی بچووکەوە خۆیان بگەیێننە ئەوروپا کە 186 لەوانە لوبنانی بوونە. زۆربەی بەلەمەکانیش بەرەو قوبرس دەچن کە 175 کیلۆمەتر لە بەندەرەکانی لوبنانەوە دوورە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەوانەش پەنابەری سووریان کە لە لوبنان نیشتەجێکراون، بەڵام لەگەڵ خراپبوونی ئابووریی لوبنانیش، بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەش هەوڵی پەڕینەوە بە دەریادا دەدەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە