رووسیا بۆ رووداو: بەشدارین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا زۆر گرنگە و بەشداریشن لەو هەوڵانەی هەردوو وڵات بەو ئاراستەیەدا ناویانە.
ماریا زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "باوەڕمان وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق زۆر گرنگە بۆ ئاساییکردنەوەی قەیرانی سووریا و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە."
زاخارۆڤا گوتی، "سووریا و تورکیا ئاساییکردنەوە و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانیان لەپێشینەی کارەکانیان داناوە. پەیامی ئەوەی کە هەردوولایان ئامادەن بۆ کردنی ئەوە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەریەک لە دیمەشق و ئەنقەرەوە نێردراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە رۆڵی مۆسکۆ کرد لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و گوتی: "لە وڵاتەکەمان و شاری مۆسکۆ، ژمارەیەک کۆبوونەوە رێکخراون و بەرپرسانی سووریا و تورکیا بەشدارییان تێدا کرد. ئەمە دەرفەتێکی پێدان بۆ ئەوەی گفتوگۆی ناراستەوخۆیان هەبێت لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگی هاوبەش. ئێمە پاڵپشتیی گفتوگۆی نێوان هەردوو پایتەختەکە دەکەین و بەشدارین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە کرد کە هەوڵی رووخاندنی ئەسەدیان دەدا. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا هەیە کە دیمەشق بە تووندی دژی ئەوەیە و داوای کشانەوەی تەواوەتییان دەکات. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت، ئەمەش بە هۆکارێک بۆ نەکشانەوەیان دادەندرێت.
زاخارۆڤا گوتی: "ساڵی 2023، مۆسکۆ ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەنێوان بەرپرسانی رووسیا، تورکیا، ئێران و سووریا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، جێگری وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی ئەمنی رێکخست. بنەمایەک داندرا بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ لەبارەی هەموو کێشەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا لەسەر ئاستی باڵا. دەمانەوێت هاوئاهەنگیی زیاتر هەبێت بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق کە زیاتر لە چەند جارێک ئەوە لە کۆنگرەی ئەستانە پیشاندراوە."
تاوەکو ئێستا 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017ـە و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ لە ئەستانە بوون. ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونەنێوی. رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر تێیاندا بەشدارە. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە سووریە دژبەرەکانی بوون.
وەستاندنی تەواوەتیی جەنگ، دروستکردنی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئاسانکاری بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن بۆ ململانێکە ئامانجەکانی گفتوگۆکان بوون.
لەبارەی کاریگەریی گفتوگۆکانی ئەستانە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سووریا گوتی: "لە وڵاتەکەمان و شاری مۆسکۆ، ژمارەیەک کۆبوونەوە رێکخراون و بەرپرسانی سووریا و تورکیا بەشدارییان تێدا کرد. ئەمە دەرفەتێکی پێدان بۆ ئەوەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان هەبێت لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگی هاوبەش. ئێمە پاڵپشتیی گفتوگۆی نێوان هەردوو پایتەختەکە دەکەین و بەشداریین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
"گرژییەکانی سووریا دروستکراوبوون و لەلایەن رۆژئاواوە زیاتردەکران"
دوای دەستپێکی گرژییەکانی سووریا، بەشداریکردنی وڵاتەکە لە دیدار و کارەکانی ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی راگیرا، لەوانە لە کۆمکاری عەرەبی، بەڵام مۆسکۆ یەکێک بوو لەو لایەنانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بەهێزترکردن.
لەوبارەیەوە زاخارۆڤا گوتی: "هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی سووریا، دوورخستنەوەی لە ناوەندە هەرێمییەکان و گفتوگۆنەکردن لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق هەڵە بوو. لە ساڵانی 2015 و 2016ەوە، پێشبینیمان کردبوو کە هەموو شتێک سەبارەت بە دۆخی سووریا ئاسایی دەبێتەوە و دووبارە دیمەشق و سووریا دەست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرییان و ناوچەکە دەکەنەوە، پاشانیش رۆڵی پێشوویان بەدەستدەهێننەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زۆر لە وڵاتاندا بنیاتدەنێنەوە کە دەیەیەک لەمەوپێش رەتیاندەکردەوە."
ئەو بەرپرسە رووسییە هۆکاری پشتنەکردنی وڵاتەکەی لە سووریا ئاشکراکرد و گوتی: "هەموو ئەوەی دەربارەی سووریا و گرژییەکانی هەبوو دروستکراو بوو و لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە زیاتر دەکران. لەبەر ئەم هۆکارەش بوو کە رووسیا رێگەی بە کەوتنی سووریا لەژێر گوشاری رۆژئاوادا نەدەدا. رووسیا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی و دڵنیاییدان لەوەی کە پەیوەندییەکانی سووریا و ئەو وڵاتانەی پشتیان لێیکرد دووبارە دروست دەبنەوە."