نەتەنیاهوو رەتیدەکاتەوە سوپا لە دەروازەی رەفەح بکشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای رازیبوونی بە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە سوپای ئیسرائیل لە دەروازەی رەفەح بکشێنێتەوە کە یەکێکە لە مەرجەکانی پلانەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
رۆژی چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە هێزەکانی ئیسرائیل لەو دەروازەیەی نێوان میسر و غەززەدا بکشێنەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی رۆژی سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نەتەنیاهوو راستەوخۆ پێیگوتووە بە دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی بایدن بۆ ئاگربەست رازی بووە.
یەکێک لە خاڵەکانی نێو دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان ئەو دەروازەیە هەیە و بە رێڕەوی فیلادیلفیا ناسراوە.
رێڕەوەکە بریتییە لە 14 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری غەززە و میسر، حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەوێ بکشێتەوە، ئیسرائیلیش دەڵێت، "بۆ رێگریکردن لە بە قاچاخبردنی چەک لەوێ دەمێنمەوە."
ئەو هەڵوێستەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، شەوی چوارشەممە کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە، تایبەت بە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان.
بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "روونمکردەوە پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیێندرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن و باسیشمان لە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی قاهیرە کرد تاوەکو هیچ بەربەستێک لەبەردەم رێککەوتن نەمێنێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی 5ی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ بەشدار بووە.
هەروەها میدیای ئەمریکا رایگەیاندووە، لەو پەیوەندییەدا بایدن داوای لە نەتەنیاهوو کردووە هەندێ نەرم بێت لە گفتوگۆکان و ئامادە بێت بۆ هەندێک سازش.