کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کەشتیی جەنگی و فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
رۆژی چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەشتییە جەنگییە گەیشتووەتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەمەش دەبێتە دووەم کەشتی جەنگی ئەمریکا کە ئێستا لەو ناوچەیە بن. 
 
سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، "کەشتی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن هاوشان لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی جۆری سکوادرن 21 و فڕۆکەی جۆری ئێروینگ 9 گەیشتوونەتە سنووری دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندەی سوپای ئەمریکا-سێنتکۆم."
 
کەشتیی فڕۆکەهەڵگریی ئەبراهام لینکن دەچێتە پاڵ کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (یو ئێس ئێس تیۆدۆر روزڤێڵت). 
 
هەفتەی رابردوو واشنتن رایگەیاند، هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد دەکات و کەشتی و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر جێگیر دەکات.
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری فەرمانی کردووە گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێرا بکرێت. لە کاتێکدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، زیاتر بوون. 
 
بێجگە لە کوشتنی هەنییە لە 31ی تەممووزی 2024 لە شاری تارانی پایتەختی ئێران. لە 30ی تەممووزیش ئیسرائیل لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە، فوئاد شوکر، فەرماندەی سەربازیی دیاری حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت کوشت. ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی تۆڵەی کوشتنی ئەو دووانە لە ئیسرائیل دەکەن.