وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "بۆ جەختکردنەوە لە ئاگربەستی شەڕ" سەردانی ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات، رۆژی یەکەم لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، رۆژی دووەمیش لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین.
 
سەردانی ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەوە، هاوکاتە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخی غەززە و ئیسرائیل کە 11 رۆژ بوو شەڕ لەنێوانیاندا هەبوو، بەهۆیەوە سەدان کەس کوژران و برینداربوون، زیانێکی گەورەش بەر ژێرخانی کەرتی غەززە کەوت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی کەرتی غەززە کە لە دەست  بزووتنەوەی حەماس دایە، رۆژی یەکشەممە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان لە کەرتی غەززە بەڕووی خەڵکیدا دەکرێنەوە و وەزیر و بەڕێوەبەر و فەرمانبەران دەستبەکاردەبنەوە.
 
ناجی سەرحان، بریکاری وەزارەتی کار و نیشتەجێکردنی حکومەتی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێسی راگەیاند، شەڕی حەماس و ئیسرائیل زیانی 150 ملیۆن دۆلاری بە کەرتی غەززە گەیاندووە، بەڵام ئەوە دوایین هەڵسەنگاندنیان نییە. 
 
سەرۆکی ئەمریکاش پابەندبوونی خۆی بە کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە و بونیادنانەوەی ناوچەکە دەربڕیوە.
 
جۆ بایدن دەڵێت ئەو کارە بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەکەن، نەوەک بزووتنەوەی حەماس؛ بایدن راشیگەیاند، ئەمریکا رێگە بە حەماس نادات کۆگای چەکەکانی بونیاد بنێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، 243 هاووڵاتیی فەڵەستینی کوژراون کە 66 یان منداڵ بوون. لە ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسەوە 12 ئیسرائیلی کوژراون، کە منداڵێک و نەوجەوانێکیان تێدابوو.
  
گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل 10ـی ئەم مانگە دەستیانپێکرد، کاتێک کە ئیسرائیل هێزی دژی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی قودس-ئورشەلیم بەکارهێنا کە دژی بڕیاری دادگەیێکی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح بە فەڵەستینییەکان ناڕەزاییان دەردەبڕی. 
 
دوای ئەوە، حەماس ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی کەرتی غەززە کرد.