عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی 10 ساڵی لە بواری ئاودا واژۆ دەکەن

   
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق و تورکیا رێککەوتنێکى 10 ساڵییان لە بواری ئاودا واژۆ کرد، سێ لیژنەى هاوبەشی ئەمنى، ئابوورى و وزەیان پێکهێنا، سوودانى و ئەردۆغان سەرپەرشتى واژۆکردنى یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى چوار قۆڵى و 24 یاداشتى لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵیان کرد.
 
وردەکاریى ئەو رێککەوتنانە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانى هاوبەشدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا راگەیێندرا.
 
عێراق و تورکیا رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژیی نێوانیان واژۆ کرد، کە بە گوتەى محەممەد شیاع سوودانى، "نەخشەڕێگەى بۆ بونیاتنانى هاریکارى ستراتیژى بەردەوام دەبێت" لەنێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا.
 
بەگوێرەى رێککەوتنەکە سێ لیژنەى هاوبەش و هەمیشەیی ئەمنى، وزە و ئابووریى لەنێوان عێراق و تورکیا پێکدەهێندرێن. 
 
رێککەوتنێکى دیکە، کە لە سەردانى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق واژۆ کرا تایبەت بوو بە پرسى ئاو، سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "رێککەوتنەکە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى هاوبەشى پەیوەندار بە باشکردنى بەڕێوەبردنى ئاو لە هەردوو رووبارى دیجلە و فوڕات و گۆڕینەوەى ئەزموون لە بوارى سیستمى ئاودێرى نوێیە." 
 
ئەو رێککەوتنە بۆ 10 ساڵ بەردەوام دەبێت لە رۆژى جێبەجێکردنییەوە، بە گوتەى لایەنى عێراقى بۆ گەرەنتیکردنى ئیدارەدانێکى هاوبەش و دادوەرانەى ئاوە.
 
بەگوێرەى کارنامەى سەردانەکە، 27 رێککەوتن و لێکتێگەشتن لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کران.
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتى: "هەردوولا سەرپەرشتى زیاتر لە 24 یاداشتى لێکتێگەشتنمان کرد لە کەرتى جیاوازدا، لەگەڵ یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستى وەزیرانى گواستنەوەى عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر."
 
یاداشتە چوار قۆڵییەکە بۆ هاریکاریی هاوبەشە لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، سوودانى گوتى: "یاداشتە چوارقۆڵییەکە بنەما سەرەکی و تایبەتەکانى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان لەخۆ دەگرێت، ئەو پڕۆژەیە جگە لە سوودى ئابوورى پاڵپشتى ئاسایش و سەقامگیرى لە ناوچەکە دەکات."
 
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیاران بە رێگەى وشکانى و هێڵى ئاسنین، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و بەهەرێمى کوردستاندا دەچێتە تورکیاوە.
 
بۆ پرسی ئەمنى، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە، بە گوتەى سوودانى باسیان لە هاوئاهەنگیی ئەمنى کردووە بەشێوەیەک کە پێداویستیى هەردوولا دەستەبەر بکات و رووبەڕووى ئاڵنگارییەکان ببێتەوە، کە بەهۆى بوونى گرووپى چەکدارەوە دروست بوون، کە ئەگەر هەیە "لەگەڵ تیرۆر هاوکاربن و زیان بە ئاسایشى هەردوو وڵات بگەیێنن".
 
سوودانى گوتی:"ئاسایشی عێراق و تورکیا یەکن و جیا ناکرێنەوە". 
 
دەقی گوتەکانی سوودانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ ئەردۆغاندا:
 
ئەمڕۆ سوپاس بۆ خودا، رێککەوتنی ستراتیژی واژۆ کرا. ئەم رێککەوتنە نەخشەرێگەیەکە بۆ بونیاتنانی هاوئاهەنگی ستراتیژی درێژخایەن لە هەموو بوارێکدا. لەم رێککەوتنەدا ژمارەیەک لیژنەی هەمیشەیی دەبن لە بوارەکانی ئاسایش، وزە و ئا  بووری. هەروەها پێکەوە سەرپەرشتی واژۆکردنی 24 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لە بوار و کەرتی جیاوازدا کرد.
 
ئەمڕۆ لەسەر ئاستی وەزیرانی گواستنەوە، واژۆ لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چواریی کرا. لەپاڵ عێراق و تورکیا هەریەک لە برایانمان لە دەوڵەتی قەتەر و ئیمارات بەشداربوون. ئەم یاداشتنامەیە بنەما تایبەتەکانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە خۆدەگرێت. پرۆژەی گەشەپێدان، رووبارێکی ئابوورییە، رۆژهەڵات بە رۆژئاوا گرێدەدات. لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەچێت بۆ ئەوەی بەرەو ئەورووپا بچێت. وەک چۆن رووبارەکانی دیجلە و فورات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن و لە عێراق دەڕژێن، ئەم پرۆژەیەش ئابوورییەکی بەهێز دەگوازێتەوە و بایەخی زیاتر بە پێگەکەی دەدات و دەرفەت بە تەواوکارییەکی بێوێنە دەدات کە نموونەیەکی بەهێزی ئابووری دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕمان. هاوکات دەبێتە رێڕەوی کۆکردنەوەی پەیوەندییە جیاوازییەکانی ئابووری و بازرگانی. ئەم رێگەیە تەنیا هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی خێرا و ئارام و دڵنیاکەرەوەی کاڵاکان. هەروەها تەنیا بریتی نییە لە پرۆژەی کورتکردنەوەی رووبەرەکان. بەڵکو دەبێتە پرد و رایەڵێکی بەهێز لە نێوان گەلانی ناوچەکە و کولتوورەکانیان و نزیککردنەوەی زیاتری کۆمەڵگەکان، هاوبەشی زیاتر لە زۆربەی بوارەکاندا دروست دەکات. هەروەها پاڵپشتیکارێکی زۆر بەهێز دەبێت بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەیەک کە زۆر پێویستی بە هەردوو فاکتەری سەقامگیری و ئارامی هەیە.
 
"هەر ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەبارەی هاوئاهەنگی دوو قۆڵی ئەمنی کرد کە پێداویستییەکانی هەردوولا پڕدەکاتەوە و رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە دەبێتەوە کە گرووپە چەکدارەکان دروستیان کردووە و رەنگە لەگەڵ تیرۆر هاوئاهەنگی بکەن و مەترسی بخەنە سەر ئاسایشی هەردوو وڵات. هەروەها هەندێک ناوچەی دوورەدەستی نێوان سنووری هەردوو وڵات هەن پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنی هاوبەش و زیاتر دەبێت. ئاسایشی تورکیا و ئاسایشی عێراق یەکن و جیاناکرێنەوە. هاوئاهەنگیکردنمان بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە و بەم هاوئاهەنگییە ئەمنیەشەوە پەیوەندییەکانمان هێندەی دیکە نایابتر دەبێت. ئێمە پشت ئەستوورین بە دەستووری عێراق و قبووڵ ناکەین هیچ هێزێک و گرووپێک خاکی عێراق بکاتە سەرچاوەی هێرش و هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ. بەهەمان شێوە خاکمان پیرۆزە و قبووڵ ناکەین دەستدرێژی بکرێتە سەر سەروەرییەکانمان".