تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانیی ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق پرسی ئاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاو، یەکێک لەو دۆسیە گرنگانە دەبێت کە بەرپرسانی عێراق لە سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا لەگەڵی تاوتوێی دەکەن. بەغدا یاداشتێکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی واژۆی بکەن.
گەورە راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، تورکیا ساڵانە 11 ملیار مەترسێجا بەشەئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 22ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا تاوتوێ دەکات.
محەممەدئەمین فارس، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق و بەرپرسی دۆسیەی ئاو لە سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا دۆسیەی ئاو دەبێت.
سەرچاوەی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە خاکی تورکیایە. محەممەد ئەمین فارس دەڵێت: "تورکیا بەشە ئاوی پێویست بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرناداتەوە. ماوەیەکی زۆرە عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ تورکیا رێککەوتن بکات، بەڵام تائێستا تورکیا ئامادە نییە."
رووباری دیجلە راستەوخۆ دێتە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام رووباری فورات دەچێتە خاکی سووریا، لەوێوە دێتە نێو عێراق. لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو رێککەوتن لەنێوان تورکیا، عێراق و سووریا کرا بەوەی تورکیا لە چرکەیەکدا 500 مەترسێجا ئاو بەربداتەوە، 58٪ـی بۆ عێراق و 42٪ـی بۆ سووریا. فارس محەممەد ئەمین دەڵێت: "تورکیا پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکە."
سائیر عەبدولکازم جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لە حکومەتەکانی رابردووی عێراق گرت بەوەی لە دۆسیەی ئاو کەمتەرخەم بوون. جبووری رۆژی دووشەممە (22-04-2024) بە رووداوی گوت "ئەگەر لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتنیش بکرێت، تورکیا جێبەجێی ناکات، چونکە ئەو وڵاتە لە دۆسیەی ئەمنی، پارتی کرێکاری کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی داواکاری هەیە، دەبێت عێراق جێبەجێیان بکات."
لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، دانوستاندنی عێراق و تورکیا لەبارەی ئاو دەستیپێکرد، ئەوەش دوای دروستکردنی بەنداوی کیبان لەسەر رووباری فورات. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رۆژی 18ـی نیسانی 2024، لە دیداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لەبارەی دۆسیەی ئاوی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا گوتی، "گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا درێژەیان کێشاوە."
تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی بەنداو و کۆگەکان لەسەر رووباری فورات. دوایینیان بەنداوی ئەتاتورکە کە توانای کۆگەکرنی 48 ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. عەون زیاب دەڵێت: "ئەگەر ئەو بەنداوە نەبووایە، هەموو ئەو ئاوە بۆ عێراق دەهات."
ساڵی 1987 پرۆتۆکۆلێک لەبارەی رووبارەی فوراتەوە کراوە، 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کەمترین بڕە ئاو بێت بگاتە عێراق، دواتر رێککەوتن لەگەڵ سووریا کرا، 58٪ بۆ عێراق و 42٪ بۆ سووریا بێت. وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی: "بەداخەوە نەگەیشتووین بە رێککەوتنی روون و راشکاو لەبارەی بڕی ئەو ئاوەی لە هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوە دێت."
ئەو رێککەوتنە دەبووایە کاتی بێت، تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام عەون زیاب دەڵێت: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووین بە رێککەوتن".
عێراق دەوێت جارێکی دیکە ئەو دۆسیەیە بورووژێنێت. وەزیری سەرچاوەکانی ئاو گوتی، "یاداشتێکی گونجاومان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بچێتە نێو پرۆتۆکۆلەوە و چاوەڕوان دەکرێت واژۆ بکرێت، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە، تورکیا زۆر دۆسیەی هەیە؛ ئابووری و ئاسایش و شتی دیکەش. ئێمەش ئاومان هەیە، بۆیە دەبێت هاوسەنگی هەبێت، چاوەڕوان دەکەین هەنگاوێک لەوبارەیەوە بچینە پیشەوە."
دوای دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر رووباری دیجلە، تورکیا بەنداوێکی دیکەش بەناوی سلیڤان لەسەر رووبارەکە دروستدەکات. پێشنیاز هەیە بەنداوی جەزرە لە باشووری ئەلیسۆ دروست بکرێت. وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئەوە بە مەترسیی دەزانێت و دەڵێت: "دژین."