رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو. ئەمەش سێیەم هێرشی حووسییەکانە لە دوو رۆژدا دەیکەنە سەر ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل لێدرا، مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، پێش ئەوەی بگاتە نێو خاکی ئیسرائیل، لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە خرایە خوارەوە."
دوای راگەیێندراوەکەی ئیسرائیل، یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان گوتی، بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە نێوەڕاستی ئیسرائیل.
گوتەبێژی حووسییەکان گوتیشی، "تاوەکو شەڕەنگێزی دژی غەززە نەوەستێت"، ئاسمانی ئیسرائیل سەلامەت نابێت.
حووسییەکان، وەکو خۆیان دەڵێن، لە 48 کاژێری رابردوودا سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
رۆژی 15-03-2025 هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر حووسییەکان؛ هێرشەکەش بەهۆی پەلاماردانی کەشتییەکان لە دەریای سوور لەلایەن حووسییەکانەوە بوو.
رۆژی یەکشەممە 16-03-2025، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "هێرشەکانی شەممە ژمارەیەک سەرکردەی حووسییەکانی کردە ئامانج. بە هێزێکی تووند و گەورە لێماندان، ئێرانیشمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
بۆردوومانەکەی ئەمریکا یەکەم بۆردوومان بوو بۆ سەر حووسییەکان لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی. لە هێرشەکەدا لانیکەم 50 کەس کوژران و نزیکەی 100 کەسیش بریندار بوون.
حووسییەکان زیاتر لە 10 ساڵە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری یەمەنیان کردووە و دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور وەک ناڕەزایەتییەکە دژی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان لانیکەم 100 جار هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ