فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوای کاراکردنەوەی ئاگربەستی غەززە دەکەن

22-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکەن 'دەستبەجێ' بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەستی غەززە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
 
رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەر سێ وڵاتەکە رایانگەیاند: "دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەنگاوێکە بەرەو دواوە بۆ خەڵکی غەززە. نیگەرانی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیلین و داوا دەکەین ئاگربەست کارا بکرێتەوە."
 
لە راگەیێندراوی سێ وڵاتەکەدا داوا لە هەردوو لایەنی حەماس و ئیسرائیلی کراوە "بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکەن."
 
هەروەها داواشیان لە بزووتنەوەی حەماس کردووە، هەموو ئەو بارمتانە ئازاد بکات لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023 لە ئیسرائیل دەستگیری کردن. 
 
راگەیێندراوەکە دوای گوتەکانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هات کە هەڕەشەی لە حەماس کرد ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکات، بەشێکی خاکی غەززە بە ئیسرائیلەوە دەلکێنن.
 
وەزیری ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لە بژاردەکان بریتییە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی نوێی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و هەمان رۆژ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 436 کەس لە کەرتەکە کوژران. 
 
لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئادار، ئیسرائیل ویستی قۆناخی یەکەم درێژبکاتەوە و حەماسیش ویستی بچنە قۆناخی دووەم. دوو لایەنەکە پێکنەهاتن و بەرەبەیانی 18ـی مانگ ئیسرائیل بۆردوومانی دەستپێکردەوە.
 
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دوێنێ پێنجشەممەدا نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "دەستپێکردنەوەی شەڕ شتێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا بەدوای ئەرکی پیرۆزی گەڕاندنەوەی بارمتەکانمانین."
 
لەو 251 بارمتەیەی حەماس لە 07-10-2023 رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ساتی گەیشتنی ژمارەیەک لوبنانی بۆ باشووری عێراق

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: نزیکەى 150 خێزانى لوبنانى لە عێراق ماون

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، نزیکەى 150 خێزانى لوبنانى لە عێراق ماون، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەیلوولی رابردوودا بەهۆی دۆخی وڵاتەکەیانەوە چوونە عێراق.