رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، دوو بنکەی سەربازییان لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومان کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر چەند پێگەیەکی ستراتیژیی سەربازی لە تەدموور و بنکەی ئاسمانی T-4."
هەردوو بنکەکە لە سەردەمی شەڕی نێوخۆی سووریا بە پێگەی ستراتیژی سەربازی گرنگ دادەنران و لەلایەن سوپای سووریاوە بەکاردەهێندران.
بنکەی سەربازی تەدموور دەکەوێتە نزیک شاری مێژوویی تەدموور لە نێوەڕاستی سووریا و نزیکەی 215 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقەوە دوورە؛ بنکەی سەربازی T-4 دەکەوێتە نزیک گوندی تیاس لە پارێزگای حمس.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر هاووڵاتییانی دەوڵەتی ئیسرائیل".
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، هێرشەکە دوای ئەوە هاتووە کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بە وردی چاودێری جۆری چەک و توانا سەربازییەکانی هەردوو بنکەکەی سووریای کردووە.
لە ساڵی 2011ەوە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل زیاتر چووە نێو خاکی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بیەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ