بایدن: پووتین شێت و کوڕی سۆزانییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە بە تووندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی رووسیا و جنێوی پێدەدات، بە "شێت و کوڕی سۆزانی" ناوی دەبات.
جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵ لە بۆنەیەکی گشتیدا لە شاری سانفرانسیسکۆی ئەمریکا بە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی راگەیاند، بەهۆی ڤلادیمیر پووتینەوە، هەمیشە خەمی جەنگی ئەتۆمیی هەیە.
لەوبارەیەوە، بایدن دەڵێت، "ئێمە کەسێکی کوڕی سۆزانیی شێتی وەکو پووتین و کەسانی دیکەمان هەیە، بۆیە هەمیشە خەمی جەنگی ئەتۆمیمان هەیە. بەڵام هەڕەشە بنەڕەتییەکە گۆڕانی کەشوهەوایە."
لەدوای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە لە 24ی شوباتی 2022، جۆ بایدن چەندین جار هێرشی تووندی کردووەتە سەر هاوتا رووسییەکەی و بە "قەساب" و "تاوانباری جەنگ" ناوی بردووە.
لەبارەی ئەو قسانەی بایدنەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، ئەو لێدوانە نوێیانەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە پووتین، مایەی "شەرمەزارییە بۆ وڵاتێکی وەکو ئەمریکا" و گوتیشی "ئەگەر سەرۆکێک ئەوجۆرە زمانە بەکاربهێنێت، مایەی شەرمەزارییە. ئەوە روونە بەڕێز بایدن هەڵسوکەوتێکی کابۆیی گرتووەتەبەر، بەمەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی سیاسەتە ناوخۆییەکانی خۆی."
ئەمە یەکەم جار نییە، بایدن بە ئاشکرا قسەی ناشرین بە کەسێک دەڵێت و لە کانوونی دووەمی 2022، بایدن بە رۆژنامەڤانێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوت "کوڕی سۆزانی."
لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیش لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، کاتێک بایدن باسی هێرشەکانی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد رایگەیاند "نابێت ئێمە رێگە بدەین تیرۆریستانی وەکو حەماس و دیکتاتۆری وەکو پووتین براوە بن و رێگەنادەم براوە بن."
هەروەها لە وەڵامی ئەو قسانەی بایدن، میدیای رووسی بڵاویانکردووەتەوە، دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا، رایگەیاندووە، "جیهان بەهۆی پیاوێکی پیری وەکو بایدن هەڕەشەی لەسەرە".