درێژەکێشانی جەنگی غەززە 'دەرفەتی چارەسەری دوو دەوڵەت ناهێڵێت'
رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئیسرائیل دا ئەندامانی کنێست بە زۆرینەی دەنگ پشتگریی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن بۆ دژایەتیکردنی دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "کنێست بە زۆرینەی دەنگ دەنگیان لە دژی هەر هەنگاوێک دا کە دەوڵەتی فەلەستین بەسەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا بسەپێنێت. ئەو جۆرە هەنگاوانە تەنیا مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات و رێگری لە بەدەستهێنانی ئاشتی دەکات".
ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل لەدوای هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە کە زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ، وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا جەخت لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دەکەنەوە.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "ئێمە پابەندین نەک تەنیا بە ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ، بەڵکو بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئەم ناکۆکییە، لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت، تاوەکو دڵنیابین لەوەی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان ئایندەیەکی سەقامگیر و شکۆداریان دەبێت".
رۆژی 2024-02-12 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "من بە رۆژ و شەو لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار دەکەم، تاوەکو بارمتەکان ئازاد بکەین و کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنین و هەڕەشەی تیرۆریش نەهێڵین؛ ئاشتی بگەڕێنینەوە بۆ غەززە و ئیسرائیل، ئاشتییەکی درێژخایەن لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت".
جەنگی غەززە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 30 هەزار فەلەستینی و هەزار و 200 ئیسرائیلی، هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە سەرکەوتوو نەبوون.