تەندروستیی جیهانی: غەززە بووەتە ناوچەی مەرگ
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دەڵێت، لەدوای زیاتر لە چوار مانگ لە جەنگ، ئێستا دۆخی کەرتی غەززە بووەتە "ناوچەی مەرگ".
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی دوایین زانیاری لەسەر دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئێستا غەززەییەکان لە خراپترین دۆخدا دەژین و ژێرخانی تەندروستیش لەو کەرتە وێران بووە.
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە، رێکخراوەکەیان ناتوانێت هاوکارییە تەندروستییەکان بگەیێنێتە غەززەییەکان.
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "زۆربەی کەرتەکە وێران بووە، ئەمە بێجگە لەوەی زیاتر لە 29 هەزار کەسیش کوژراون و زۆری دیکەش بێسەروشوێنن کە دەکرێ بڵێین ئەوانە مردوون، بە هەزارانی دیکەش برینداربوون".
بەگوێرەی رێکخراوی WHO، رێژەی بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە پێش جەنگ تەنیا لەسەدا یەک بووە، لەدوای جەنگ ئەو نەخۆشییە لە غەززە بۆ 15% بەرزبووەتەوە.
تێدرۆش دەشڵێت، "ئەو رێژەیە بەرزتریش دەبێتەوە هەتا شەڕ بەردەوام بێت و هاوکاریی تەندروستیش رابگیرێت".
ئەو هۆشدارییەی سەرۆکی تەندروستیی جیهانی لەکاتێکدایە کە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ نێوەڕاست و باکووری کەرتەکەی راگرت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئاسایش بۆ پاراستنی ستافەکەیان.
تێدرۆس لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە لە چ جیهانێکدا دەژین، کاتێک خەڵک ناتوانێت دەستی بە خۆراک و ئاو بگات، واتە خەڵک ناتوانێت بڕوات تاوەکو هاوکاریی وەرگرێت؟ لە چ جیهانێکدا دەژین کاتێک کارمەندی تەندروستی بۆردوومان دەکرێت، لەوکاتەی سەرقاڵی پاراستنی ژیانی کەسانی دیکەن، نەخۆشخانەکان دادەخرێن بەهۆی ئەوەی کارەبا نییە یان داودەرمانی پێویستی تێدا نییە؟ بۆیە ئێستا غەززە بووەتە ناوچەیەکی مەرگ".
پێش جەنگ، رۆژانە 144 بارهەڵگری هاوکاری تەندروستی گەیەندراوەتە کەرتی غەززە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 7ی تشیرنی یەکەمی پارەوە، ژمارەی رۆژانەی بارهەڵگرەکان ناگەنە نیوەی ئەو ژمارەیەی پێش جەنگ.