فەتوایەکی خامنەیی لەبارەی باڵاپۆشیی کارتۆنە ئەنیمەیشنەکان

22-02-2021
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن عەلی خامنەیی ئەنیمەیشن باڵاپۆشی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری باڵای ئێران لە نوێترین فەتوایدا بەپێویستیی دەزانێت ژنان و کچانی نێو کارتۆنە ئەنیمەیشنەکان سەرپۆشیان هەبێت و باڵاپۆش بن.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی پێویست دەکات ژنانی نێو کارتۆنە ئەنیمەیشنەکان باڵاپۆش بن یان نا؟ دەڵێت، پێویستە و دەبێت باڵاپۆش بن.
 
باڵاپۆشی لە ئێران ناچارییە و دەبێت ژنان و کچان لەو وڵاتە باڵاپۆش بن. هەر کەسێکی بیانیش کە دەچێنە نێو خاکی ئێران دەبێت باڵاپۆش بێت ئەگەر گەشتیار بێت یان نێردەیەکی دیپلۆماسی.
 

پرسی پاڵاپۆشی لە ئێران لەو پرسانەیە کە هەر لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و دوای ئەوەی بووە شۆڕشی ئیسلامی و سەرپۆش و باڵاپۆشی بەسەر ژنان و کچانی ئەو وڵاتە سەپێندرا، بووەتە بابەتێکی سەرەکیی نێو ئەو کۆمەڵگەیە. 
 
ئەگەرچی لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لایەنگرانی سەرپۆشی ناچاریی زیاتر بوون، بەڵام دوای زیاتر لە 40 ساڵ ناڕەزاییەکان لەسەر ئەو پرسە تا دێت زیاتر دەبن و چالاکییەکانیش بەهەمانشێوە. بەمدواییانەش کەمپینێک بۆ لابردنی سەرپۆش لە ئێران دەستیپێکرد و کچان و ژنان وێنەی خۆیان لە شوێنە گشتییەکانی ئێران بەبێ سەرپۆش بڵاودەکردەوە.
 
 
هاوکات لە ئێران رێکارەکانیش دژی ئەو ژنانەی کە بە (بدحجاب) ناسێنراون واتە ئەوانەی کە بەباشی پەیڕەوی باڵاپۆشی ناکەن و جلوبەرگیان شیاو نین، زیادیکردووە. 
 
پۆلیسی ئێران هێزێکی بەناوی (گەشتی ئیرشاد) دروستکرد و ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤان لە بەردەم مۆڵ و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەوەستێندرێن، ئەو ژنانەی کە جلوبەرگیان بەپێی یاسا و رێساکانی ئێران شیاو نین دەستگیردەکرێن و دوای وەرگرتنی بەڵێننامە لە خۆیان و کەسوکاریان ئازاد دەکرێن. هەروەها ناچار دەکرێن ئەو جلانەیان داکەنن و بە جلوبەرگێک کە لەلایەن کەسوکاریانەوە بۆیان دەهێندرێت بڕۆنەوە ماڵەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە