حەماس بۆ نەتەنیاهوو: رەتکردنەوەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەرفەت بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان ناهێڵێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای حەماس رایگەیاند، رەتکردنەوەی داوای حەماس بۆ کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەرامبەر ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە، هیچ دەرفەتیک بۆ گەڕانەوەی ئەو بارمتانە بۆ ئیسرائیل ناهێڵێتەوە.
 
ئەبوو زوهری، بەرپرسی باڵای حەماس رۆژی یەکشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، رەتکردنەوەی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە "هیچ دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان ناهێڵێتەوە." ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی قوربانییان و گوشاری کەسوکاری بارمتەکان لەسەر بەرپرسانی ئیسرائیلی زیاد دەبن.
 
ئەو گوتانەی بەرپرسەکەی حەماس دوای ئەوە هاتن کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی بکوژ  و دەستدرێژیکارەکانیان دەکات." هەروەها دەشڵێت، "راشکاوانە مەرجەکانی رادەستکردنەوەی وەحشەکانی حەماس رەتدەکەمەوە."
 
رەتکردنەوەی رێککەوتن لەگەڵ حەماس لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە قودس - ئۆرشەلیم کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان لەبەردەم ماڵی نەتەنیاهوو گردبوونەوە و داوای رازیبوونی ئەویان بە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان کرد.
 
بەهۆی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست حەماس. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێشتا 136 بارمتەیان لەلای حەماس ماون.
 
107 رۆژە جەنگی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کەتیبەی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ی راگەیاند. بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکە.
 
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە تائێستا لانیکەم 25 هەزار و 105 هاووڵاتیی فەڵەستینی کوژراون.