ئەمریکا دوو سەربازی ونبووی بە "مردوو" دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەو دوو سەربازەی لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکەی رۆژی 11ـی ئەم مانگە لە کەناراوەکانی سۆماڵ بێسەروشوێن بوون "بە مردوویان دادەنێین."
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، "بەداخەوە رایدەگەیێنین کە دوای 10 رۆژ لە گەڕانێکی تەواو، دوو سەربازی ونبووی هێزی دەریایی ئەمریکا شوێنیان نەدۆزراوەتەوە و بە مردوو دادەندرێن."
 
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو دوو سەربازەی هێزی دەریایی کە لە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک کە چەکی پێشکەوتووی ئێرانی هەڵگرتبوو و بۆ حووسییەکانی یەمەنی دەگواستەوە بێسەروشوێن بوون، کۆتاییهات و ئێستا ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوە و گێڕانەوەی تەرمەکانیان دەستپێدەکات.
 
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، سێنتکۆم گوتی، دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئێراندا گرتووە کە چەکی پێشکەوتووی بۆ حووسییەکانی یەمەن دەگواستەوە؛ ئەمەیان بە یەکەم دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئێرانی دانا کە دەیانویست بۆ حووسییەکانی بگوازنەوە. 
 
رۆژی 19-11-2023، حووسییەکانی یەمەن یەکەم هێرشیان بۆ سەر کەشتییەک کرد بەناوی "گالاکسی لیدەر" و 25 کەسیان لەسەر کەشتییەکە رفاند.
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 19ـی تشرینی دووەمی 2023وە، حووسییەکان 29 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانیییەکانی نێو دەریا سوور و کەنداوی عەدەن کە 12%ـی بازرگانیی جیهان بەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕێت. 
 
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی حووسییەکان بۆسەر کەشتییەکانی دەریای سوور رۆژی 12-1-2024، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. 
 
ئەمەش دوای ئەوە هات، ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دابووە گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بوەستێنێت. لەبارەی هێرشەکەشەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێرشەکە بە فەرمانی ئەو و بۆ بەرگریی لە خۆکردن کراوە.
 
هەمان رۆژ گوتەبێژی حووسییەکانیش گوتی ئەمریکا و بەریتانیا 73 هێرشیان کردە سەر یەمەن و بە قسەی ئەو گوتەبێژە، "پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."
 
بزووتنەوەی حووسییەکان لە ساڵی 1994 وەک گرووپێکی ئیسلامی دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووە و بارەگای سەرەکیی لە سەنعای پایتەختی یەمەنە و بە گرووپێکی نزیک لە ئێران دەبینرێت. تائێستا چەندین حکومەت و وڵات ئەو گرووپەیان رەتکردووەتەوە و دانی پێدانانێن لەوانەش، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، سعودیە، ئیمارات، فەرەنسا، هۆڵەندا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، دانیمارک و نەرویج.