بەهۆی هێرشی مووشەکیی حووسییەکانەوە 16 کەس لە ئیسرائیل برینداربوون

21-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە خستنەخوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکان شکستیان هێناوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو و بەو هۆیەوە 16 کەس "بە سووکی" بریندار بوون. 
 
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیلیگرام بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا. مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستەکرابوو، دەستنیشانکرا، بەڵام هەوڵی خستنەخوارەوەی شکستیهێنا."
 
لەبارەی ئەو شوێنەی کە مووشەکەکە تێیدا کەوتووەتە خوارەوە، پۆلیسی ئیسرائیل گوتی، "لە یەکێک لە کۆمەڵگەکانی سەر بە تەلئەڤیڤ کەوتووەتە خوارەوە."
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، مووشەکەکە لە شارۆچکەی بەنی بەراک لە رۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ کەوتووەتەوە خوارەوە. 

 

 
دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، 16 کەس برینداربوون و گوتیشی، "تیمی فریاگوزاری لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری خەڵکی کردووە."
 
19ـی ئەم مانگە، حووسییەکان مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ژێرخانی وزەی یەمەن. 
 
هەر دوای هێرشەکە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "هۆشداری بە سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستی حووسییەکان دەدەم: "دەستی درێژی ئیسرائیل دەگاتە ئێوەش."
 
رۆژی 16ـی ئەم مانگەش، حووسییەکان رایانگەیاند، مووشەکێکیان ئاراستەی "پێگەیەکی سەربازی ئیسرائیلی دووژمن لە بەندەری یافا" کردووە. 
 
هەر هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کەشتییەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە دەریای نێوەڕاست درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو. 
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حووسییەکان وەکو هاوسۆزییەک بۆ بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە، ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە دەریای سوور تێدەپەڕن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنتۆنی بلینکن و هاکان فیدان

بلینکن و فیدان باسی دوورخستنەوەی "تیرۆر" لە تورکیا و سووریا دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن "باسیان لە ئامانجی هاوبەشی رێگریکردن لە تیرۆر کرد بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر تورکیا و سووریا دروستنەکات."