ئایفۆن تەقەی تێکەوت؛ 36 رۆژنامەڤانی کەناڵی جەزیرە هاک دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان رۆژنامەڤانی کەناڵی جەزیرەی قەتەری لەڕێگەی مۆبایلە "ئایفۆنە"کانیانەوە کرانە ئامانجی هێرشێکی ئەلیکترۆنی کە وادیارە هێرشەکە لەلایەن حکومەتەکانی سعودیە و ئیماراتەوە کراوە.
 
سیتیزن لاب لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدی کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تەکنەلۆجی و ئەمنی، رایگەیاندووە، ئەو سیستمەی بۆ هێرشکردنە سەر مۆبایلی 36 رۆژنامەڤان، پرۆدیوسەر، پێشکێشکار و جێبەجێکارانی کەناڵی جەزیرە بەکارهاتووە دەگەڕێتەوە بۆ گرووپی NSOی ئیسرائیلی، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کراوە لەسەر فرۆشتنی بەرنامەی سیخوڕیکردن بە حکومەتی وڵاتانی ناوچەکە.
 
تامر مسحال، رۆژنامەڤانی بنکۆڵکار لە کەناڵی جەزیرەی عەرەبی رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیەک دوای چەند هەڕەشەیەکی کوشتن دەستیپێکرد کە بۆ مۆبایلێک نێردرابوون و ئەو مۆبایلە بۆ پەیوەندیکردن بە وەزارەتەکانی ئیمارات بەکاردەهات. ئەو رۆژنامەڤانە بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی کوشتن، ئاماژەی بەوە کردووە "هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکردم کە دەمکەن بە جەمال خاشوقچییەکی نوێ".
 
وەکو مسحال دەڵێت، لەسەر ئەو بنەمایانە مۆبایلەکەیان داوە بە سیتیزن لاب و ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە مۆبایلەکە لەلایەن سیستەمێکەوە بەناوی پێگاسوس هاک کراوە، ئەو سیستەمەش لەلایەن گرووپی NSOی ئیسرائیلییەوە بەرهەمدەهێنرێت.
 
ئەو رۆژنامەڤانە بنکۆڵکارەی کەناڵەکە دەڵێت، ئەم هاککردنە لەڕێگەی تەکنیکی "زیرۆ کلیک"ەوە ئەنجامدراوە، کە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت کامێرای مۆبایلەکە بەکاربهێنرێت و شوێنپێی ئامێرەکەش هەڵگیرێت، "ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە کە بکەرانی ئەم کارە لە ئیمارات و سعودیە بوون".
 
هێرشەکە لەڕێگەی تەکنیکی "زیرۆ کلیک" بەشێوەیەکە کە نامە بۆ ئای مەسجی مۆبایلەکان وەکو نۆتیفیکەیشن چووە و بەکارهێنەرەکانیش کراونەتە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت، دواتریش لەڕێگەی سیستەمەکەوە رێنمایی مۆبایلەکان کراوە بۆ ئەپلۆدکردنی فایلەکانیان.
 
بە گوتەی تامر مسحال، بۆ ماوەی شەش مانگ چاودێریی سیستەمەکەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە لانیکەم 36 کەس لە ستافی جەزیرە هاک کراون، هەندێک لەو زانیارییە تایبەتییانەش کە لە مۆبایلی ئەو رۆژنامەڤانانەدا براون، بەکارهاتوون بۆ هەڕەشەی کوشتن لێیان بەوەی وێنەی تایبەتیان لە ئینتەرنێت بڵاودەکەنەوە.
 
سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر لە ساڵی 2017وە بایکۆتی گەشتکردن، بازرگانی و دیپلۆماسییان خستووەتەسەر قەتەر و دەوحە بەوە تۆمەتباردەکەن کە پاڵپشتیی "تیرۆر" دەکات و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەیە. سعودیە و ئیمارات تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەوبارەیەوە نەداوە.
 
سیتیزن لاب ئەو هێرشە بە "گەورەترین" هێرشی هاککردنی مۆبایل ناودەبات کە کرابێتە سەر تاکە دەزگایەک، هێرشەکە لە تەممووزی ئەمساڵدا دەرکەوتووە، دوو هەفتە پێش ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دروستکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رابگەیێنێت.
 
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاندووە، ئاگاداری راپۆرتەکەی سیتیزن لابە و دەشڵێت، نوێترین وەشانی سیستەمی iOS 14 هەڵگری پارێزەری نوێیە دژی ئەم جۆرە هێرشانە. ئەپڵ دەڵێت، نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاستی شیکارییەکەی سیتیزن لاب بکەنەوە.
 
گرووپی NSO گومانی خۆی لە بەرامبەر تۆمەتەکانی سیتیزن لاب دەربڕیوە، بەڵام رایگەیاندووە "ناتوانێت لێدوان لەسەر راپۆرتەکە بدات لەکاتێکدا هێشتا نەیبینیوە". ئاماژەشی بەوە کردووە کە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بە حکومەتی وڵاتان دەکەن بۆ "چەسپاندنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی تاوانی جیددی رێکخراو و دژە تیرۆر".
 
NSO دەشڵێت، "هەرکاتێک بەڵگەی باوەڕپێکراومان بەدەست گەیشت لەبارەی خراپ بەکارهێنانی سیستەمەکەمان.. هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینەبەر".
 
بیڵ مارکزاک، لێکۆڵەری باڵا لە سیتیزن لاب رایگەیاندووە، ئەوەی روویداوە شتێکی تۆقێنەرە، دەشڵێت "دەتوانیت مۆبایلەکەت بەشێوەیەکی ئاسایی بەکاربهێنیت و بەتەواویش نائاگا بیت لەوەی کەسێک چاودێریی هەموو ئەو کارانە دەکات کە تۆ دەیکەیت".