منداڵانی غەززە تووشی بەدخۆراکی و نەخۆشی بوون؛ 'کوڕەکەم بەبێ پێخەف دەخەوێت'

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی غەززە پێویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان دەستناکەوێت، بەڵام بەهۆی بەدخۆراکی منداڵەکانیان و نەخۆشکەوتننیان تا دێت کێشە و گرفتەکانیان گەورەتر دەبن.
 
هەنا عسفوور، یەکێکە لە ئاوارەکانی غەززە، لەبارەی دۆخی کوڕەکەیەوە دەڵێت، "ئەمە عەلی عسفووری کوڕمە، بەدەست هەوکردنی سینگ و گەدە و سکچوون و تاو لەرزەوە دەناڵێنێت و  لەسەر جێگە کەوتووە، بەبێ پێخەف دەخەوێت، جلی پێویستمان نییە بۆ پاراستنیان لە سەرمای زستان، هەندێک خەڵک جلوبەرگیان پێداوین، ماڵمان دوورە و لەسەر سنوورە، بەهۆی جەنگەوە ناتوانین بچینەوە، خۆراکی پێویستمان نییە و دۆخی تەندروستیی کوڕەکەم رۆژ لە دوای رۆژ خراپتردەبێت."
 
گرفتەکانی دانیشتووانی غەززە و ئاوارەکانی ئەو کەرتە زۆرن، تەنانەت زۆربەی ئاوارەکان گرفتارن بەدەست بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کەمی دەرمانەوە، حاجی تورکییە ئەبوتیر، ئاوارەیەکی دیکەیە گوتی، "بەخوا لەو کاتەی ئاوارەبووینە، تەنیا یەک جار دەرمانم لە ئاژانسی فریاگوزاریی وەرگرتووە، پێویستمان بە دەرمانە، ناچارم بیکڕم، ئێستا بەردەست نییە، هەرچی دەرمانی گوشاری خوێنە تەنیا دوو پارچەم دەستکەوتووە، دەرمانمان نەماوە، منداڵەکانمان گرفتارن بە دەست نەخۆشییەوە، تووشی سکچوون بوونە شەوانە هەر هەڵدەستنەوە و دواتر دەنوونەوە، تەنیا خودا خۆی دەزانی کێشە و گرفتمان چۆنە."
 
راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری مرۆیی، هۆشداریی دەدات لە وشکبوون و بەد خۆراکی لەنێو منداڵانی ئاوارە.
 
لەگەڵ بەردەوامی جەنگ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، دۆخی دانیشتووانی خەڵک تادێت خراپتر دەبێت ئەوەش بەهۆی بەدخۆراکی منداڵانەوە، ئەوە لەکاتێکدایە بانگەواز بۆ راگرتنی جەنگ لە نێو دانیشتووانی غەززە دەکرێت، بۆ رزگارکردنی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان.