ئیسرائیل پلانێک بۆ لێدانی جبەخانەی مووشەکیی حەماس ئامادە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل نیازی هەیە جبەخانەی مووشەکیی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززەی فەلەستین لەناوبەرێت.
 
ئەڤیڤ کۆخاڤی، سەرۆکئەرکانی سوپای ئیسرائیل داوای لە سوپا و هێزی بەرگریی وڵاتەکەی کردووە پلانێكی تایبەت بە هێرشکردنە سەر جبەخانەی مووشەکیی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززەی فەلەستین، ئامادەبکەن.
 
ماڵپەڕی "واڵڵا"ی نزیک لە حکومەتی ئیسرائیل، کە بارەگای سەرەکی لە تەلئەڤیڤە، ئاشکرایکردووە، کۆخاڤی فەرمانی بۆ کەرتە جیاجیاکانی نێو سوپا و هێزی بەرگریی وڵات دەرکردووە بۆ ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بە هێرشکردنە سەر جبەخانەی مووشەکیی بزووتنەوەی حەماس  و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززەی فەلەستین.
 
ماڵپەڕەکە ئاشکراشیکردووە: "بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیلی پێشبینی دەکەن هێرشی سەر جبەخانە مووشەکییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی تواناکانی ئەو دوو بزووتنەوەیە بەجۆرێك سنووردار دەکەن کە چیدیکە توانای لێدانی "خاکی ئیسرائیل"یان نەمێنێت.
 
ئامادەکردنی پلانەکە لەدوای ئەوە دێت دەزگای هەواڵگریی مۆساد-ی ئیسرائیلی بەو راستییە گەیشتووە، کە حەماس و جیهادی ئیسلامی بە هاوکاری ئێران کار لەسەر دووبارە دروستکردنەوە و تۆکمەکردنی ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە کەرتی غەززە دەکەنەوە، ئەوەش لەدوای وێرانبوونی بەشی زۆری ئەو ژێرخانە لە شەڕی 11 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا روویدا.