رۆژنامەڤانانی یەمەن لە دۆخێکی سەختدان

21-11-2017
ئەیاد مەوسمی
سەندیکای رۆژنامەڤانان: لە دەستپێکی شەڕەوە 10 رۆژنامەڤان کوژراون
سەندیکای رۆژنامەڤانان: لە دەستپێکی شەڕەوە 10 رۆژنامەڤان کوژراون
نیشانەکردن یەمەن شەڕ رۆژنامەڤان
A+ A-

رووداو - یەمەن 

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە یەمەن، 10 رۆژنامەڤان کوژراون و نزیکەی 16 رۆژنامەڤانی دیکەش لە زیندانەکاندان، بەپێی راپۆرتی سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەمەنی تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوو 38 حاڵەتی دەستدرێژکردنە سەر رۆژنامەڤانان تۆمارکراون.


بەشێک لە رۆژنامەڤانانی یەمەن بۆ رووداو دەڵێن، بۆ ئەوانەی کاری رۆژنامەڤانی دەکەن، دۆخ و ژینگەکە کووشندەیە و بەردوام بوونیان لەسەر کاری رۆژنامەڤانی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
 
نزار خالید، رۆژنامەڤانی یەکێک لە دیارترین رۆژنامەکانی یەمەنە، بۆ راپەڕاندانی کارەکانی پەنای بۆ کافتریایەک بردووە کە لەماوەی دەستگیرکردنی لە دەستی دابوو، هەوڵدەدات جارێکی دیکە سەرچاوە هەواڵییەکانی دەستبخاتەوە، وەک خۆی باسی دەکات، دووچاری شۆکی دەروونی و تەندروستی بووە و ئەمەش باڵی بەسەر دۆخەکەدا داگرتووە.

نزار خالید، رۆژنامەڤان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی نووسینە رەخنەئامێزەکان لەسەر هەندێک کاری گەندەڵی بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی لە ماڵەکەمدا دەستگیرکرام و رەوانەی بەندیخانەی هەواڵگری کرام " هەوڵگری سەربازیی"، لەکاتێکدا بەپێی یاسا و دەستوور نابێت هیچ کەسێکی مەدەنی لە لایەنی سەربازی دەستبەسەر بکرێت".

بۆ ئەوانەی کاری رۆژنامەڤانی دەکەن، دۆخ و ژینگەکە کووشندەیە و بەردەوام بوون لەسەری ژیانت دەخاتە مەترسییەوە.

عەبدولرەحمان غابری، فۆتۆگرافەرە و دەڵێت "وێنەی ئێستا ئەوەیە، جموجۆڵەکانم کۆت و بەندە، ئەمە دۆخی من و هاوشێوەکانمانە، لەبەرئەوەی ترس لە کامیرا هەیە، ئەمە دۆخی ئەو وڵاتەیە".

عەبدولمەلیک فەهیدی، میدکارە و باسی دۆخی کاری رۆژنامەڤانی لە وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت "ئەو دۆخەی وڵات، کاریگەری خراپی کردووەتە سەر دۆخی رۆژنامەڤانان، زۆربەیان بە فڕۆکەکانی هاوپەیمان، یاخود راستەخۆ کوژران و تیرۆرکراون، یاخود بەهۆی خراپی دۆخی گوزەرانیانەوە گیانیان لەدەستداوە".

لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕ یەمەن، تاوەکو ئێستا ژیانی رۆژنامەڤانان لە مەترسی دایە، 10 رۆژنامەڤان کوژراون و نزیکەی 16ـی دیکەیان لە زیندانەکان دان، بەپێی راپۆرتی سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەمەنی تەنیا لە مانگی یۆلیۆ تاوەکو سێپتێمبەری ئەمساڵ 38 حاڵەتی دەستدرێژکردنە سەر رۆژنامەڤانان تۆمارکراون.

محەممەد سادق عدینی، چالاکوان و سەرۆکی راپەڕاندنی سەنتەری پێگەیاند و پاراستی ئازادی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێموانییە چارەسەر یاخو گەرەنتی بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان هەبێت، رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئیدانەی دەستدرێژکردنەسەر رۆژنامەڤانان و بە ئامانج کردنی ژیانیان دەکات، بەڵام رۆژنامەڤان لە ناوچەکانی شەڕ کاردەکەن و گرووپە چەکدارەکانیش تاوان ئەنجام دەدەن و ناچنە ژێرباری هیچ یاسا و رێسایەک و کێشە لێرەدایە".

ئەمە خراپیترین قۆناخەکانی ئازادییە لە یەمەن، رۆژنامەڤانان لە نێوان پەڕاگەندە و کووشتن و خستنەکونجی زیندان دان، هەر کەسێک ئەگەر کار بکات ئەوا دەبێت پابەندی ئەو هێڵە بێت کە لایەنی باڵادەست لە ناوچەکەدا دایدەنێت.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە