ئەردۆغان بۆ سکرتێری ناتۆ: کەمتەرخەمی وڵاتان لە راگرتنی ئیسرائیل قەرەبوو ناکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و یانس ستۆڵتێنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و ستۆڵتێنبێرگ، دوایین دۆخی غەززە و پێشگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و یارمەتییە مرۆییەکان باسکران.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە ئەردۆغان بە ستۆڵتێنبێرگی راگەیاندووە، روانگەی وڵاتانی رۆژئاوایی بووەتە هۆی پێشێلکاریی زیاتری مافەکانی مرۆڤ لە غەززە.
 
ئەردۆغان جەختی لەوەشکردووەتەوە، کەمتەرخەمی وڵاتان لە راگرتنی کردەوەکانی ئیسرائیل دەرەنجامی وای دەبێت کە قەرەبوو ناکرێتەوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوایی و رای گشتیی جیهانی، کۆتایی بەو روانگەیەیان بهێنن کە لەبەر چاوی ئەوان تراژیدیای مرۆیی روودەدات و هەرچی زووە لەمبارەیەوە ئامادەییەکانیان بخەنەڕوو.