خەڵکی غەززە بەهۆی بۆردوومانەوە ئاوارەی کامپەکان بوون؛ ' لەسەر نایلۆن، خۆڵ و دڕک دەخەوین'

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەشێک لە دانیشتووانەکەی لە باکوورەوە ئاوارەی کامپەکانی باشوور بوون، بەڵام لە کامپەکانیش رووبەڕووی چەندین گرفت بوونەتەوە، وەکو خۆیان دەڵێن، لە کامپەکان شوێنی نووستنیان نییە، لەسەر نایلۆن، خۆڵ و دڕک دەخەون. 
 
ئاوارەکانی غەززە پەنایان بردووە بۆ ئەو کامپانەی لەلایەن ئاژانسی بەهاناوەچوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە شاری خان یونس دروستکراون. بۆ رزگاربوون لە نەهاتییەکانی شەڕ بەڵام باس لەوە دەکەن، "نەهامەتیی بەرۆکیان بەرنادات."
 
ئەسما ئوستاز، یەکێکە لەو ئاوارانەی لە باکووری غەززەوە چووەتە باشوور و لە کامپەکاندا دەژی، لەبارەی دۆخیانەوە، بە رووداوی گوت، "ئێستا لە دۆخێکی سەختدا دەژین، شوێنی نووستن نییە، لەسەر نایلۆن دەخەوین، کەشەکە بە رۆژ زۆر گەرمە و کوڕەکەم لەسەر دڕک و خۆڵ دەخەوێت، بە شەویش بەتانییەکان منداڵ، گەورە و گەنجەکانیش لە سەرما ناپارێزن؛ هەست بە سەرمایەکی سەخت دەکەین. بە رۆژیش کامپەکە زۆر گەرمە و چونکە کۆنە بۆنێکی ناخۆشی هەیە. تەنیا دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان چونکە ماندوو و شەکەت بووین." 
 
ئیسماعیل جیبالی، یەکێکی دیکەیە لە ئاوارەکان، دەڵێت، "ئێستا هیچ شتێکمان نییە. هیچ کار و داهاتێکمان نییە و ناتوانین بژێوی و خواردن بکڕین، ئەوەشی کە ئاژانسی مرۆیی پێشکێشمان دەکات، بەشمان ناکات و هەر چادرێک 10 کەس تێیدا دەخەوێت و قەرەباڵخیێکی گەورە هەیە." 
 
لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل، راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووەتەوە، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی وێرانبوونی ٪30ـی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کەرتی غەززە. 
 
ئیبتسام حەمودە، باسی ئاوارەبوونیان بۆ کامپەکان کرد و گوتی، "دۆخی ئێمە لە چادرەکان زۆر خراپە و بە کەڵکی ژیانی مرۆڤ نایەن، تەنانەت لە کاتی نووستنیشدا ئازار دەچێژین، چونکە شوێنی نووستن نییە و لەشمان ئازاری هەیە، ئەوە جگە لە نەبوونی ئاو و خۆراک، بەڕاستی دۆخەکەمان ئازاربەخشە." 
 
هەموو رۆژێک ژمارەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە زیاتر دەبن، لە هەمووشیان خراپتر، ئەوانەن کە ناچاربوون بێنە نێو ئەم چادرانە چونکە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدانییە.