ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین گەیشتە سەروو 5,850 کەس

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیلدا نزیکەی چوار هەزار و 385 کەس لە کەرتی غەززە و زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. هاوکات بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە لانیکەم 84 کەس کوژراون. 
 
رۆژی شەممە، 21-10-2023، تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 385 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون کە لەنێویاندا هەزار و 756 منداڵ، 967 ژن و 11 رۆژنامەڤان هەن و لانیکەم 14 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی 7ی مانگی تشرینی یەکەمی چەکدارانی حەماس و مووشەکەکانی رۆژانی دواترەوە بۆسەر وڵاتەکەیان، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون و لانیکەم پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش، لە رۆژی 07-10-2023ەوە لە ئەنجامی گرژییەکانی ئەو ناوچەیەی فەلەستینەوە لانیکەم 84 کەس کوژراون کە 31 کەسیان ژن و منداڵ بوون و لانیکەم هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون. 
 
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند. بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە.
 
دوای هێرشی حەماسیش بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتنی کارەبا، ئاو و خواردنیان بە کەرتی غەززە قەدەخەکرد و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییاندا لە دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە.