شەڕی ئیسرائیل و حەماس قەیرانی نانی لە کەرتی غەززە دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکانی دیکە دوو هەفتە تێپەڕدەکات. شەڕەکە وایکردووە لە پاڵ قەیرانی سووتەمەنی، قەیرانی نانیش لە کەرتی غەززە دروستببێت.
لە نانەواخانەیەکی شاری دێر بەلەح لە کەرتی غەززەی فەلەستین خەڵک نۆرەیان بۆ کڕینی نان گرتووە. گەمارۆ و بۆردوومانی زیاتر لە دوو هەفتەی سەر کەرتی غەززە، قەیرانی نانی بۆ غەززەییەکان دروستکردووە.
ئوسامە عەلی ئەبوحەمزە، هاووڵاتییەکی فەلەستینییە و دەڵێت، "لەسەرەتای جەنگەکەوە، رووبەڕووی نەهامەتی بووینەتەوە. بە بڕینی کارەبا دەستیپێکرد، کە پشتمان پێدەبەست بۆ نانەکە. دواتر ئاوەکەشمان نەما. چوومە نانەواخانەکان بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت کاژێر چاوەڕێم کرد تاوەکو نانم دەستکەوت. غەززە ژیانی تێدا نەماوە."
دانیشتووانی کەرتی غەززە بە دەست کۆمەڵێک قەیرانی وەکو نەبوونی کارەبا، ئاو و سووتەمەنی دەناڵێنن، ئێستا نانیشی هاتووەتەسەر.
خەڵک بە دەبەوە لەبەردەم بەنزینخانەکان نۆرەی دوورودرێژیان گرتووە، تاوەکو چەند لیترێک بەنزینیان دەستبکەوێت.
جیهاد سەرحی، هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینییە و باس لەوە دەکات، "بەنزین نییە، گاز نییە، نەوت نییە، هیچ نییە، ئێستا خەڵک بە دار چێشت لێدەنێت، گەڕاوینەتەوە بۆ چاخی بەردین."
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون و ئەگەر بەزووترین کات هاوکاریی نەگاتە دەستیان، کارەساتی مرۆیی روودەدات.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەروازەی رەفەح کە میسر بە غەززە دەگەیێنێت رایگەیاند، "لەپشت ئەم دیوارانە، دوو ملیۆن کەسمان هەیە ئازاری زۆر دەچێژن. کە نە ئاو و نە خۆراک و نە دەرمان و نە سووتەمەنی نییە و پێویستییان بە هەموو شتێکە تاوەکو لەژیاندا بمێننەوە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 50 بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری ئامادەکراون، چاوەڕێی کرانەوەی دەروازەی رەفەحن بۆ ئەوە هاوکارییەکان لە میسرەوە بگەیێننە دانیشتووانی کەرتی غەززە، کە لە ژێر گەماڕۆیەکی تووندی ئیسرائیل دایە.
رۆژی شەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2023 میدیای فەرمیی میسر بڵاویکردەوە، دەروازی رەفەح بە رووی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززەی فەلەستین کرایەوە و وەکو یەکەمین هەنگاویش چەند بارهەڵگرێکی پڕ لە هاوکاری و پێداویستی پزیشکی رەوانەی کەرتەکە دەکرێن.