ئێران: رێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانیان لەگەڵ ئەمریکا دوو مانگ دەخایێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، رێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانیان لەگەڵ ئەمریکا، ئەوپەڕی دوو مانگ دەخایێنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان چوارچێوەیەکی تایبەت بە کاتی جێبەجێکردنیی رێککەوتنەکەیان دیاری کردووە؛ کە ئەوپەڕی دوو مانگ دەخایەنێت.
 
لە سەرەتای ئەم مانگە ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری قەتەر و عومان رێککەوتن زیندانییەکانیان بگۆڕنەوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئێران پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی، چواریان بە رەچەڵەک ئێرانی ئازاد دەکات لە بەرامبەردا ئەمریکا چەند ئێرانییەک لە زیندانەکانی ئەمریکا  ئازاد دەکات، لەگەڵ ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی لە بانکەکانی کۆریای باشوور و "چەند ملیار دۆلارێك" لە پارەی بلۆککراوی لە عێراق.
 
پێشتر ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوەی ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتنێكی فراوانتر لە نێویاندا "زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی،" گوتی: "رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییان بەهیچ شێوەیەک سیاسەتی واشنتن ناگۆڕێت تایبەت بە گوشارخستنە سەر تاران بۆ نەهێشتنی کردە ناسەقامگیرەکانی لە ناوچەکە". گوتیشی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێگەیەک لە نێویاندا دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.