رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد دەکەن و دەڵێت، لە پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکانیش بەردەوام دەبن.
نوجەبا یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە (موقاوەمەی ئیسلامی) و ئەمڕۆ یەکشەممە ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی ئەو بزووتنەوەیە لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد: "ئەوەی زایۆنییەکان و هاوپەیمانە گەمژەکانیان لە بەئامانجکردنی ژێرخانی یەمەنی خۆشەویست کردیان دوای ئەوەی زیانی زۆریان بەرکەوت و ئاسایش لە ناوچەکەیان نەما، لاپەڕەیەکی نوێیە لە تاوانەکانیان کە بێ سزا و وەڵامدانەوە تێناپەڕێت".
ئەکرەم كەعبی دەڵێت: "ئەو هێرشانەی موقاوەمەی ئیسلامی لە یەمەن، لوبنان و عێراق ئەنجامیان دەدات لەپێناو پشتیوانیکردنی برایانمان لە گرووپەکانی موقاوەمەی فەلەستینی، زیاتر دەبن."
لە رابردوویشدا گرووپەکانی (موقاوەمەی ئیسلامی) لە عێراق چەند جارێک رایانگەیاندووە، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێكدایە، دوێنێ شەممە، 20ـی تەمموزی 2024، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانی یەمەنیان بۆردوومان کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان رایگەیاند، 84 کەس بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون و 3 کەسیش کوژراون.
هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، رۆژی هەینی، 19-7-2024، حووسییەکان هێرشیان کردە سەر شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک کوژرا و 8 کەسی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ