لە چین کوردێک بە نوێنەرایەتیی پێنج وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتارێک بە کوردی پێشکێش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک لە خولێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، بە نوێنەرایەتیی پێنج وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتارێکی پێشکێش کرد. عادل مەلا ساڵح دەڵێت: "بەشێک لە ئامادەبووان لە دەرکەوتنم بە جلی کوردییەوە نیگەران بوون."
 
دوای خولێکی 16 رۆژی لەلایەن ئەکادیمیایەکی وەزارەتی دەرەوەی چین، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و لە گوتاری کۆتایی خولەکە کوردێک بە نوێنەرایەتیی وڵاتانی عێراق، میسر، ئوردن، سووریا و بەحرێن، بە جلی کوردییەوە دەرکەوت. 
 
عادل مەلا ساڵح، یەکێکە لەو پێنج کوردەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لە خولێکی تایبەت بە گەنجان و سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیی کردبوو کە لە 2 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە لەلایەن ئەکادیمیای پیاوانی خاوەنکاری نێودەوڵەتیی، ناسراو بە (AIBO)ـی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی چینەوە رێکخرابوو.
 
عادل مەلا ساڵح، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداریمان کرد، بە نوێنەرایەتیی حیزبەکانمان، ئەو دەرفەتە ناوازە بوو بۆ ئەوەی لەبارەی چین و کار و بزنس و سیاسەتی چین و ئابووریی ئەو وڵاتە و ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە ئەزموون وەربگرین."
 
ئەو بەشداربووە لە بەرامبەر جلوبەرگە کوردییەکانی دا ناڕەزایەتیی پێشاندراوە و دەڵێت: "بۆ ئێمە هەستێکی تایبەت بوو کاتێک گوتاری کۆتایی خولەکەمان بە جلی کوردییەوە پێشکێش کرد، هەرچەندە لەلایەن بەشێک لە نوێنەرانی ئەو پێنج وڵاتەوە ناڕەزایەتی هەبوو، بەڵام دواجار گوتارەکە بووە جێی رەزامەندیی هەمووان."
 
عادل مەلا ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، وەکو نوێنەرانی کوردستان ژمارەیەک دیدار و چالاکییان هەبووە و ئامادەبووانیان ئاشناکردووە بە مێژوو و کولتووری کورد.