ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانبوونی هێرشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن. حوسییەکان هێرشەکە بەبێ بەزەییانە نێودەبەن و دەڵێن، لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون و 85 کەسیش بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانبوونی هێرشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. 
 
لەدوای هێرشەکە یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان رایگەیاند: "دوژمنە ئیسرائیلییەکە هێرشێکی بێبەزییانەی کردە سەر پارێزگای حودەیدە و وێستگەیەکی کارەبای کردە ئامانج، کە ئەو وێستگەیە کارەبای بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین دەکرد. هەروەها بەندەری حودەیدە و کەشتییە بارهەڵگرەکانیان کردنە ئامانج کە سەرجەمیان لەلایەن خەڵکی سڤیلەوە بەکاردەهێندران".
 
حوسییەکان دەڵێن، سێ کەس لە ئەنجامی هێرشەکە کوژراون و زیاتر لە 85 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەندەری حودەیدە دەکەوێتە رۆژئاوای یەمەن، لەسەر دەریای سوور هەڵکەوتووە، دووەم گەورەترین بەندەری یەمەنە. 80% یارمەتییە مرۆییەکان و کاڵاکان لەوێوە دەگەنە باکووری وڵات، لە ساڵی 2014ـەوە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەو ئاگرەی ئێستا لە حودەیدە کڵپە دەکات، لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینرێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی هێرشەکانیان.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەو بەندەرەی هێرشمان کردە سەری، بەندەرێکی مەدەنی نییە، بەڵکو بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێندرێت. ئەو بەندەرە وەک دەروازەی بردنە ژوورەوەی ئەو چەکانە بەکاردەهێنرێت، کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ حوسییەکان دەنێردرێ. ئەوان ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، وڵاتانی ناوچەکە و رێڕەوی بازرگانیی جیهان بەکاردەهێنن."
 
لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە حوسییەکان زیاتر لە 200 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل؛ هێرشەکەی رۆژی هەینی سەر تەلئەڤیڤ بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی 8 کەسی دیکە. ئەوە جگە لەوەی 190 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە