رووداو دیجیتاڵ
حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 23 حاجی.
ئەو حاجییەی مردنەکەی پشتڕاستکراوەتەوە، ناوی (خالیدە عەباس)ـە و دانیشتووی قەزای کفریی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە.
محەممەد ئیکرام، کوڕی خالیدە عەباس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دایکم لە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربانەوە دیارنەمابوو، هەواڵیمان نەزانی، بەڵام ئێستا پێمانڕاگەیێندرا کە دوو رۆژ لەمەوبەر گیانی لەدەستداوە و لە سعودیە نێژراوە."
خالیدە عەباس تەمەنی 57 ساڵ بوو و بە ڤیزەی گەشتیاری گەشتی سعودیە کردبوو، بەپێی قسەی کوڕەکەی بێت، تەندروستیی باش بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە.
ئەمڕۆ هەینی ئەمە چوارەم حاجیی هەرێمی کوردستانە هەواڵی گیانلەدەستدانیان بە کەسوکارەکانیان رادەگەیێندرێت، دوای ئەوەی کەسوکاری حاجی ئازاد هاودیانی، دانیشتووی سنووری ئیدارەی سۆران، لە مردنەکەی ئاگادارکرانەوە. ئەویش هاوشێوەی خالیدە عەباس لە یەکەم رۆژی جەژن بێسەروشوێن بووبوو.
هەر ئەمڕۆ هەینی کەسوکاری حاجی عەزیز ئیبراهیم کە خەڵکی بنەسڵاوەی هەولێرە، بە رووداویان راگەیاند، حاجی عەزیز لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە مەککە بە هاوژینەکەی گوتووە، "دەچم ئاوت بۆ دەهێنم"، بەڵام ئیدی نەگەڕاوەتەوە؛ ئەمڕۆ دەرکەوت گیانی لەدەستداوە.
کەسوکاری حاجیی سافیە تاهیر لە بەردەڕەش بە رووداویان گوت، لە یەکەم رۆژی جەژنەوە بێسەروشوێن بووە، ئەمڕۆ بۆیان پشتڕاستکراوەتەوە کە لە مەککە گیانی لەدەستداوە و هەر لەوێش بەشێوەیەکی کاتی بەخاک سپێردراوە.
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 20-6-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند گەڕانەوەی ئەو حاجییانەی کە بە فڕۆکە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چوونەتە حەج رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و "کاژێر 9:45ـی بەیانی ئەو رۆژە یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ کاژێر 12:00ی شەویش یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 30ـی ئەم مانگە سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە.
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون. جگە لەوەش مەزەندە دەکرێت تەنیا لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار کەس بە ڤیزەی گەشتیاری حەجیان کردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ