ئەرمینیا فەلەستینی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی فەلەستینی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساندووە، ئاماژە بەوەش دەکات ئەوان پاڵپشتی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەن.
رۆژی هەینی، 21ـی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەرمینیا بە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، یەکسانیی نێوان وڵاتان، سەروەری و پێکەوەژیان دووپاتدەکاتەوە".
هەر لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل راگەیاندووە: "ئەرمینیا پاڵپشتی لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەکات".
ئەرمینیا سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات، رەخنەی ئەوەش لە حەماس دەگرێت "هاووڵاتیانی سیڤیل بەبارمتە دەگرێت".
بڕیارەکەی ئەرمینیا دڵخۆشی فەلەستینییەکانی بەدوادا هات. حوسێن شێخ، ئەمینداری گشتیی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەرمینیا کرد: "ئەوە سەرکەوتنە بۆ ماف، دادپەروەری، رەوایەتی و خەباتی گەلی فەلەستین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی".
ئیسرائیلیش نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئەرمینیا بۆ ناساندنی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای بڕیارەکەی ئەرمینیا بۆ ناساندنی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وەزارەتی دەرەوە بانگهێشتی باڵیۆزی ئەرمینیای لە ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی بەتووندی سەرزەنشتی بڕیارەکە بکەین".
رۆژی 28-5-2024، هەریەکە لە ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بە فەرمی فەلەستینیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند.
رۆژی چواری ئەم مانگەش پەرلەمانی سلۆڤینیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی بۆ ناساندنی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ پەسند کرد.
فەلەستینییەکانیش زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێش کردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 142 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، ئێستاش ژمارەی ئەو وڵاتانەی دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا دەنێن، بووەتە 147 وڵات.