ئەردۆغان: درۆنی بایراکتار ئاکنجی ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی لە ئێران جێبەجێکرد

22-05-2024
هەوار ئیسماعیل
قسەی جیاواز لەبارەی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی
قسەی جیاواز لەبارەی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مشتومڕەکان لەبارەی دۆزینەوەی ئەو هێلیکۆپتەرە بەردەوامە کە رۆژی 19ـی ئایار لە پارێزگای تەورێز کەوتەخوارەوە و بەو هۆیەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا. 
 
مانگی سووری ئێران رەتیکردووەتەوە بە هاوکاری دەرەکی هێلیکۆپتەرەکە دۆزرابێتەوە، بەڵام وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئەو وڵاتە دەڵێ، لە رێگەی سیگنالی مۆبایلی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە ناوچەی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکەیان دەستنیشانکردووە و ئەو زانیارییەیان داوەتە درۆنەکەی تورکیا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان-سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە بەڕێز رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا، گرنگیی دۆرنەکان جارێکی دیکە دەرکەوت. بایراکتار ئاکنجی تیها لەسەر داوای برا ئێرانییەکانمان رۆڵێکی کارای له ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاکەوتندا لەئەستۆ گرت. سەرەڕای نالەباریی کەشوهەوای ناوچەکە، حەوت کاژێر و نیو چالاکیی گەڕان و سکانکردنی کرد. بە گشتی دوو هەزار و 100 کیلۆمەتر فڕی. دوای ئەوەی ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد، گەڕایەوە."
 
هاوکات عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنولوژیای زانیاریی ئێران دەڵێت، "توانیمان زانیاری وردتر وەربگرین، یەكێک لە مۆبایلەکان، دوو لە مۆبایلەکان تاوەکو نزیکەی کاژێر 7 -8ی شەو داگیرسابوون، زانیاریی باشمان وەرگرت و لە کۆتاییدا وردتر بووین و ناوچەیەکی وردترمان دەستنیشانکرد وەک ناوچەی چوارەم. ئەوانەمان دا بە تیمەکانی فریاکەوتن و هەمیش دامان بە تیمە درۆنییەکان و ئەو درۆنەی کە دوای هاوئاهەنگی و بە وەرگرتنی مۆڵەتی تورکیا هاتبوو. هەمان ئەو زانیارییانەی پێدرا، راستییەکەی زۆربەی ئەو شوێنانەی کە گەڕانی تێدا کرد، هەمان ئەو شوێنانە بوون کە ئێمە زانیارییەکانمان پێدابوو."
 
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، ئەوان چاودێری سیگناڵەکانی هەموو ئامرازە ئاسمانی و دەریاییەکانی ناوچەکە دەکەن، بەڵام سیگناڵی فڕۆکەکەی رەئیسیان نەدۆزیەوەتەوە.
 
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا گوتی، "لە قۆناخی یەکەمدا چاودێریمان کرد کە ئایا هێلیکۆپتەرەکە سیگناڵێک دەدات یان نا. یەکسەر پەیوەندیمان بە لایەنی ئێرانییەوە کرد و ئەوانیش پەیوەندییان پێوەکردین، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت کە پێدەچێت سیستمی سیگناڵەکە کوژاوەتەوە یان کۆپتەرەکە ئەو سیستمە سیگناڵەی نەبووبێت، چونکە مسۆگەر ئەو سیگناڵانە بە ئێمە دەگات، بەڵام نەگەیشت."
 
ئێران بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکەی رەئیسی داوای هاوکاریی لە ئەمریکای نەیاریشی کردبوو، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، بە هۆکاری لۆجستی نەیانتوانیوە هاوکاریی ئێران بکەن. دواجار تورکیا لە رێگەی درۆنی ئاکنجی تیها شوێنی کەوتنی فڕۆکەکەی رەئیسی دەستنیشان کرد و گەڕایەوە تورکیا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."