ئێران: ئێمە زانیاریی شوێنی هێلیکۆپتەرەکەمان دایە درۆنەکەی تورکیا

21-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی ئێران دەڵێت، لە رێگەی سیگنالی مۆبایلی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری، توانیویانە ناوچەی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکە دەستنیشان بکەن و دواتر زانیارییان داوەتە تیمەکانی ناوخۆ و درۆنەکەی تورکیا.
 
عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی ئێران لەبارەی چۆنییەتی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری، بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت کە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری لە رێگەی گەڕانەوەدا تووشی رووداوێک بووە، تیمێکی تەکنیکییان بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان پێکهێناوە کە لە 30 کەس پێکهاتبوون.
 
زارع پوور گوتی: "ناوچەی کانگامان دۆزیەوە کە وەکوو سێگۆشەیەک بوو. توانا تەکنیکییەکانمان بەکارهێنا و سەرەتا بەپێی ئەو سیگناڵانەی پێمان دەگەیشت سێ ناوچەمان دەستنیشان کرد."
 
وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی دوو لە مۆبایلەکانی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە تاوەکو نزیکەی کاژێر 7-8ی شەو داگیرسابوون، توانیویانە لە رێگەی سیگناڵەکانی ئەو مۆبایلانەوە زانیاریی زۆر باش لەبارەی شوێنی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکە بەدەستبهێنن و ئەو زانیارییانەیان داوەتە تیمەکانی فریاکەوتن و تیمە درۆنییە ناوخۆییەکان و درۆنەکەی تورکیا.
 
زارع پوور گوتی: "زۆربەی ئەو شوێنانەی کە درۆنەکەی تورکیا گەڕانی تێدا کرد، هەمان ئەو شوێنانە بوون کە ئێمە زانیارییەکانمان پێدابوون."
 
کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و چەند وەزیر و بەرپرسێکی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)ـیان لە پارێزگای تەورێز کردەوە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا شەوی یەکشەممە رایگەیاند: "لەسەر داوای ئێران کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە، حکومەتمان هێلیکۆپتەرێک و درۆنیکی جۆری ئاکنجیی بۆ بەشداریکردن لە گەڕان و پشکنین بەدوای سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئێران ناردە ناوچەکە".
 
حکومەتی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی، هەلیکۆپتەرەکەی دۆزیوەتەوە و دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی گەڕاوەتەوە تورکیا. بەڵام ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە. 
 
پیرحوسێن کولیوەند، بەڕێوەبەری مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "پرۆسەکە بەتەواوی لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەچوو. هیچ هاوکارییەکی دەرەکیمان نەبوو. ئەو هەواڵانەش دەنگۆن کە باس لە بوونی هاوکاریی دەرەکی دەکەن. من لێرە لە گۆڕەپانەکە ئامادەبووم و بۆ چرکەیەکیش هیچ یەکێک لەو ئازیزانە پشوویان نەدا، نەنووستن. درۆنەکەی مانگی سووری ئێران یەکەمجار پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەی دۆزییەوە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە