نەتەوە یەکگرتووەکان: غەززە بەشێكی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەززە دەکات و دەڵێت، غەززە بەشێكی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین.
 
ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان و وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکاری و دامەزرادنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین لە تەنیشت یەکدی لەسەر هێڵی دیاریکراوی ساڵی 1967 لە چوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
 
شەوی رابردوو ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس ئاماژەیان بەوە کرد بە ئاگربەست رازیبوون، بەڵام ئاگربەستەکە زۆر نەخایاند و نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان موسڵمانان و پۆلیسی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم - قودس دروستبوو. 
 
سەرەتای شەڕی 11 رۆژەی حەماس و ئیسرائیل هەر لە گرژییەکانی مزگەوتەکەوە دەستیپێکرد. میکی رۆزێنفێلد، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "ئاژاوە لە مزگەوتی ئەقسا" دەستیپێکرد.
 
لە راگەیێندراوێکدا گوتەبێژەکەی پۆلیسی ئیسرائیل نووسیویەتی، سەدان کەس بەرد و شوشەی پڕ لە سووتەمەنییان گرتووەتە ئەو پۆلیسانەی لە شوێنی دروستبوونی ئاژاوەکە بوون لە مزگەوتی ئەقسا و وەڵامیان داوەتەوە. دواتریش بڵاوەیان بە "ئاژاوەگێڕان" کردووە.
 
وێنەکانی شوێنی رووداوەکە دەریدەخەن، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئیسرائیلی لە مزگەوتەکە بڵاوبوونەتەوە. تاوەکو ئێستاش گرژییەکان بەردەوامیان هەیە.