رووداو دیجیتاڵ
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، گرنگ نییە کە ئایا مووشەکەکانیان چ زیانێکیان بە ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵکو ئەوەی گرنگە پێشاندانی هێزی سوپای ئێرانە، ئەمەش وەک دانپێدانێک بەوەی کە هێرشەکە زیانی کەمی بە نەیارەکەیان گەیاندووە.
خامنەیی رۆژی یەکشەممە لە تاران، لە بەردەم فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران قسەیکرد، بەڵام باسی هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی هەینیی ئیسرائیلی بۆ سەر شاری ئیسفەهان نەکرد.
ئێران و ئیسرائیل وەک دوو نەیار لە ناوچەکە، ماوەی چەندین ساڵە لە جەنگێکی سێبەردان، دوای جەنگی غەززە، گرژیی نێوانیان زیاتر بوون، بەڵام نەیانهێشتووە بگاتە ئاستی جەنگی راستەوخۆی سەرتاسەری.
خانمەنیی گوتی: "ئەوەی لایەنی بەرامبەر باسی ئەوە دەکات، لەوەندە مووشەکەی ئاراستە کرا، ئەوەندەیان بەر ئامانجەکان کەوتوون و ئەوەندەیان ئامانجیان نەپێکاوە، پرسی سەرەکی نییە، بەڵکو بابەتێکی لاوەکییە."
رێبەری باڵای ئێران گوتیشی: "پرسی یەکەم، دەرکەوتنی هێزی ئیرادەی گەلی ئێران و هێزە سەربازییەکانی ئێرانە لە گۆڕەپانێکی گرنگی نێودەوڵەتیدا. گرنگ ئەوەیە کە ئەو کارە کراوە. ئەوانە دڵگرانن کە لەو رووداوەدا زیانیان بەرکەوتووە و دەیانەوێت جیهان هەر بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە. سوپاس بۆ خودا، هێزە چەکدارەکانمان زۆر بە باشی توانای خۆیان پێشاندا."
13 نیسان، ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. زۆربەی هەرە زۆریان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانەکانی و ئوردنەوە تێکشكێندران. ئەوە یەکەمین هێرش بوو لەلایەن ئێرانەوە راستەوخۆ بکرێتە سەر ئیسرائیل.
وێنەی مانگی دەستکرد دەریخست کە هێرشەکەی ئێران زیانێکی کەمی بە بنکەی ئاسمانیی نێڤاتیم لە باشووری ئیسرائیل گەیاندووە و ئیسرائیل خێرا چاکیکردەوە.
هێرشەکەی ئێران لە تۆڵەی بۆردوومانەکەی 1ی نیسانی سەر کۆنسڵخانەکەی بوو لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی 7 پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ