رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، دوو مووشەکیان تێکشکاندوون کە لە باکووری کەرتی غەززەوە ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کرابوون. بەرگریی شارستانیی غەززەش دەڵێت، ئەمڕۆ 11 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی سێ ناوچەی باشووری کەرتی غەززە دەکات ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ئەمڕۆ هەینی 21-03-2025 سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 04:30ی ئێوارە بەکاتی تەلئەڤیڤ (5:30 بە کاتی هەولێر) زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شاری عەسقەلانی باشووری ئیسرائیل لێدرا، دوای ئەوەش دوو مووشەک گەیشتنە ئاسمانی ناوچەکە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزی ئاسمانییان هەردوو مووشەکەکەی خستووەتە خوارەوە.
هەر ئەم ئێوارەیە، سوپای ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی سێ ناوچەی باشووری غەززە کرد ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، داوا لە هاووڵاتییانی سڤیلی ناوچەکانی سەلاتین، کەڕامە و عەودا دەکەن ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن.
ئەدرەعی دەڵێت، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس دەستیان کردووەتەوە بە ئاراستەکردنی مووشەک لەو "شوێنانەوەی خەڵکیان تێدا دەمێنێتەوە."
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، پێویستە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە زۆر بە خێرایی شوێنی خۆیان جێبهێڵن، چونکە ناوچەکان بۆردوومان دەکرێن.
هاوکات بەرگریی شارستانیی غەززە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 11 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
بەرگریی شارستانی غەززە باس لەوە دەکات، سێ کەس لەوان پێش بەربانگ و 8 کەسەکەی دیکەش بە درێژایی رۆژ کوژراون.
رۆژی 19ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ ئاگربەستی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە سێشەممەوە ئاگربەستەکە شکاوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی غەززە کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ