'مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق' دەڵێت بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کارەبای ئیسرائیل

21-03-2024
هێمن بابان رەحیم
ئەو گرتەیەی لەلایەن میدیای جەنگیی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە ماوەکەی 25 چرکەیە
ئەو گرتەیەی لەلایەن میدیای جەنگیی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە ماوەکەی 25 چرکەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، دەڵێن وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل لە رێگەی درۆنەوە کردووەتە ئامانج.
 
بەیانی رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە گرووپێکی چەکداری شیعەکانی عێراقە، رایگەیاند لە رێگەی درۆنێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە شاری تەلئەڤیڤ، گرتەیەکی ڤیدیۆیشیان بڵاوکردووەتەوە، گوایە ساتی ئاراستەکردنی درۆنەیەکە.
 
ئەو گرتەیەی لەلایەن میدیای جەنگیی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە ماوەکەی 25 چرکەیە و تێیدا درۆنێکی رەنگ رەش کە پێدەچێت دروستکراوی نێوخۆی عێراق بێت، دەبیندرێت کە ئامادەیە بۆ ئاراستەکردن و دواتر ئاراستە دەکرێت.
 
 ئەو گرووپە شیعەیە دەڵێت، رۆژێک پێش ئەو هێرشە، "بە درۆن هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە قووڵایی قەوارەی زایۆنی."
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی گرووپەکە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا، 11 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاکانی ئیسرائیل، لەوانە بە گوتەی خۆیان دووجار هێرشیان کردووەتە سەر  فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤی پایتەخت. 
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە